کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران توندتر دەبێت

10:25 - 10 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پاسداری تێرۆریست "حوسێن سەلامی"، هەڕەشەی له ئامریکا کردووە، که دەتوانین ڕێگری لە جموجووڵی هێزەكانی ئامریکا لە ناوچەكەدا بكەن.

دوای بڕیاری دانڵد ترامپ، بۆ کشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریه و زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی لە عێراقدا، ڕێژیمی ئێرانی نیگەران کردووە و بەرپرسانی نیزامیی ئەو ڕێژیمه بە بەردەوامی هەڕەشە لە ئامریکا دەكەن.

پاسداری ڕێژیم، "حوسێن سەلامی"، ڕۆژی یەکشەممە، لە مەیدانی ئیمام حوسێن لە تاران، وتوویەتی: ئێران دەتوانێت ڕێگای ئاسمانی، زەوینی و دەریایی لە هێزەكانی ئامریکا لە ناوچەكەدا بگرێت و ئێستا ئامریکا بەرەو ئاوابوونی سیاسی و نیزامی دەچێت و ئەوەش ڕاستییە.

هەروەها "محەمەدعەلی جەعفەری"، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران لە تویتێکدا، بەڵێنی دا كە ئەگەر ئامریکا سەركێشییەكی تر لە ناوچەكەدا بکات، لەگەڵ دژکردەوەی توندی ئێمە بەرەوڕوو دەبێتەوە، پێویستە بزانن كە جموجووڵی ئەوان بە وردی چاوەدێریی كراوە و ئەگەر خەریكی هەر پیلانێكی تر لە ناوچەكەدا بن ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

چاوەدێران ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە نیگەرانی ئەو بەرپرسانە لێک دەدەنەوە، بەتایبەتی كاتێك ئامریکا هێزەكانی لە سووریه کشاندەوە، له کاتێکدا ئامریکا پێشتر دەیگوت پێویستە ئێران لە سووریه بڕواتە دەرەوە. بۆیە هەتا ئێستە گۆڕینی ستراتیژیی ئامریکا لە ناوچەكەدا بەگشتی و بەتایبەتی بۆ ئێران نادیارە، ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئێرانیش بۆ ناچاركردنی ئامریکا بە وڵامدانەوە و ئاشكراكردنی دواهەڵویستیان سەبارەت بە ئێرانە.