کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی پاسدار ڕەجەبی لە مانگرتووانی ڕۆژهەڵات

12:42 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی سپای تێرۆریستی بەیتولموقەدەسی سنە، ‌هەڕەشەی لە مانگرتووان و ڕێکخەرانی ئەو مانگرتنە کردووە.

بەپێی هەواڵی، هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، پاسداری تێرۆریست محەممەدحوسێن ڕەجەبی، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی پارێزگای سنە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەڕەشەی لە مانگرتووان و ڕێکخەرانی ئەو مانگرتنە کردووە.

پاش لەسێدارەدانی سێ چالاکی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێمۆکرات لە باشووری کوردستان، لەسەر داوای حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، مانگرتنی گشتی بە داخستنی بازاڕەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵات لە وڵامی ئەو کردەوە تێرۆریستیانەی ڕێژیم بەڕێوە چوو.

بەرینی ئەو مانگرتنە و پاڵپشتییەی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە حیزبەکانیان، ڕێژیمی تۆقاندووە و بووەتە هۆی ترسی ئەو ڕێژیمە لە یەکدەنگیی خەڵکی ڕۆژهەڵات و پێگەی حیزبەکان لە نێو خەڵکدا و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دڵەڕاوکی و بێدەسەڵاتی بەردەوام هەڕەشە دەکەن.

پاسداری تێرۆریست ڕەجەبی، لە پرێسکونفڕانسێکدا لە پارێزگای سنە لەو پەیوەندییەدا، وتوویەتی: ئەو کەسانەی کە لە مانگرتنەکان و کاری لەم چەشنە لە نێو ئێران بەشداری دەکەن، دوژمنی ئێمەن و بەرنامەی تایبەتمان داڕشتووە، کە مانگرتووان و بەرپرسان و ڕێکخەرانی ئەو مانگرتنە،  بدۆزینەوە و سزایان بدەین.

هەروەها ناوبراو، ئاماژەی بە حیزبەکانی ڕۆژهەلات کردووە و باسی لەوە کردووە، کە هێزەکانی سپای پاسداران لە سنوورەکان زیاد کراون و لە بەرامبەر چالاکیی ئەو حیزبانە ڕادەوستین.

ئەم هەڕەشانەی ئەو پاسدارەی ڕێژیم، لە حاڵێکدا بوو، کە ڕێژیم چەند ساڵە بانگەشەی ئەوە دەکات کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەڵوەشانەتەوە، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵات بە شێوەی ئاشکرا و یەکدەنگ لەسەر داوای حیزبەکانیان دەستیان بەو مانگرتن کرد و بەو شێوەیە لە بەرامبەری کردەوە جەنایەتکارانەکانی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت گەلی کورد ڕاوستان و پیشانیان دا کە هێزی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خەڵکی ڕۆژهەڵاتە.