کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دادستانی گشتیی ڕێژیم لە ژنانی بەشداربوو لە یاریگەکان

11:23 - 26 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕۆیشتنی زیاتر لە ١٥٠ کەس لە ژنان بۆ یاریگەی ئازادیی تاران، پاش ٣٦ ساڵ و بینینی یارییەکان لە نزیکەوە، دژ کردەوەی دادستانی گشتیی ڕێژیمی بەدواوە بوو.

یەک ڕۆژ پاش بەشداریی ژنان لە یاریگەی ئازادیی تاران، بۆ بینینی یاریی دۆستانەی نێوان تیمەکانی ئێران و بوولیڤی، محـەممەدجەواد مونتەزری، دادستانی گشتیی ڕێژیم ڕەخنەی توندی لەم کارە گرت و وتوویەتی: "ئەگەر ئەم کارە دووپات بێتەوە، لە گەڵ دەزگای دادوەری ڕووبەڕوو دەبنەوە."

مونتەزری هەروەها وتوویەتیشی: "لە چوونی ژنان بۆ نێو یاریگەکان گلەییمان هەیە. نیزامی ئێمە ئیسلامییە، ئێمە موسوڵمانین، کاتێ ژنێک دەچێت بۆ یاریگە و پیاوانێک دەبینیت کە بە جلی وەرزشی و  نیمچەڕووتەوە یاری دەکەن، تووشی گوناح دەبێت، هەندێ کەس دەیانەوێ سنوورەکان بشکێنن".

ناوبراو ڕۆیشتنی ژنان بۆ نێو یاریگەکانی بە خەسار ناو بردووە و وتوویەتی: "ئەم کارە هیچ بیانوویەکی شەرعی نییە، هەر کارگێڕێک کە بیەوێت بەستێن بۆ هەبوونی ژنان لە یاریگەکاندا دروست بکات، بەڕەوڕووی ئێمە دەبێتەوە."

ڕۆیشتنی ژنان بۆ نێو یاریگەکان پاش گوشارەکانی فیدراسیۆنی جیهانیی فووتباڵ (فیفا) بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هاتە ئاراوە.

پێشتر چەند جارێک ژنان بە گریمی پیاوانە و بە گۆڕینی ستایلی خۆیان، هەوڵی چوونەژوورەوە بۆ نێو یاریگەکانیان داوە، کە ئەوەش دژکردەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی بەدواوە بوو.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی سانسۆرکردنی ژنانی لە هەموو بوارەکاندا داوە، لە یارییەکانی جامی جیهانیشدا،  تەلەفزیۆنە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنانی ئێرانیی نیشتەجێی وڵاتانی دەرەوە خۆیان دەبوارد و وێنەکانیان سانسۆر دەکرد.

لە ئاخرین هەوڵدا، ڕێژیمی ئیران لە بەرانبەر ڕەخنەکانی لایەنە جیاوازەکان سەبارەت بە ڕێگەنەدانی ڕێژیم بە چوونی ژنان بۆ نێو یاریگەکان و هەوڵی سانسۆرکردنی وێنەکانیان لە یاریگەکاندا، بۆ بەلاڕیدابردنی ڕوانگەی جیهانی و بەدرۆخستنەوەی خەڵک سەبارەت بەم هەڵاواردنە لە سانسۆری ژنانی نێو یاریگەکان لە یارییەکانی جامی جیهانی ٢٠١٨دا، خۆی بوارد.

 بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەمیشە ژنان لە پەراوێز دادەنێن و لە هەموو ڕیگەیەکەوە هەوڵی سانسۆرکردن و بێبایەخ نیشاندانی ئەوان دەدەن؛ هەر لە کتێبەکانی قوتابخانە و فێرکردنی کردەوە کلیشەییەکانەوە بگرە، هەتا بەشداریکردن لە دەسەڵات و بڕیارداندا، ژنان هەمیشە وەکوو ڕەگەزی دووهەم و لاواز چاویان لێ کراوە.