کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری بەربینگی خەڵکی گرتووە و بەناونوێنەرانیش مووچەی چەند میلیۆنی وەردەگرن

11:07 - 25 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا بەناونوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم مووچەی چەندین میلیۆنی وەردەگرن و هەموو کارئاسانییەکی ماڵییان بۆ دەکرێ، خەڵکی ئاسایی بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان دۆشداماوان.

ڕۆژنامەی "مشرق" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە مووچەی بەناونوێنەرانی مەجلیس، لەسەر زاری "موحەممەد دێهقان" ئەندامی کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسی رێژیم ئاشکرای کردووە: "هەر نوێنەرێک ٢٠ تاکوو ٢٥ میلیۆن تمەن لە مانگدا پارە وەردەگرێ؛ ئەگەریش نوێنەرێک داوای وام یان قەرزی بەپەلە بکات بڕی ١٥٠ میلیۆن تمەن، بە بێ سوودی پێدەدرێت کە ئەگەر پێوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی مەجلیسیش خۆش بێت ئەوا ڕێژەی وامەکەی بۆ ٢٠٠ میلیۆن تمەنیش بەرز دەبێتەوە".

وەرگرتنی مووچە و پارەی لەم چەشنە بۆ کەسێک کە خۆی بە نوێنەری خەڵک دەناسێنێ لە حاڵێکدایە کە زۆرترین گوشاری ئابووریی لە ئێراندا خراوەتە سەر خەڵکی ئاسایی و بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شار و شارۆچکەکان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان دۆشداماون.

هاووڵاتییەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی تەلەفونەوە بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: "ژیانمان بە چەشنێکە کە دەرەتانی هەناسەکێشانیش نەماوە و ترسی ئەوەمان لێ نیشتووە کە حکوومەت بۆ هەناسەکێشانیش داوای پارەمان لێ بکات".

ئەم هاووڵاتییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ "کوردستان میدیا" دەڵێ: "لە مانگەکانی ڕابردوودا قەبزی ئاوی ماڵەوەمان بۆ هاتووە کە هیچ کات نەگەیشتووەتە ٥٠٠ هەزار تمەن بەڵام لە دوایین قەبزێک کە بە دەستمان گەیشتووە، بڕی ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن پارەی تێدا نووسراوە".

ئەم کەسە کە وەک خۆی دەڵێ: کرێکارێکی سادەی ڕۆژانەیە، دەپرسێ ئایا پارەی ئاو و گاز و برقیش لەگەڵ هەڵکشانی نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە؟ یان دەیانهەوێ بە پارەی خەڵکی داماو سکی مۆرەکانی خۆیان و تێرۆریستەکانیان لە عێراق و لوبنان تێر بکەن؟"