کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری، خەڵکی بۆ دزینی منداڵان ڕاکێشاوە

12:31 - 19 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە کچێکی تەمەن ٣ ساڵ و نیو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شیرازدا دزراوە و دەستدرێژی کراوەتە سەری.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کچێکی تەمەن ٣ ساڵ و نیو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری شیرازدا ون دەبێت کە دواتر لە نەخۆشخانەیەکی دیکەی ئەم شارەدا، دەدۆزرێتەوە.

هەواڵە سەرەتاییەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئەم کچە لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە دزراوە و پاش ئازاری فیزیکی و دەستدرێژی بۆ سەری، لە نەخۆشخانەیەکی دیکەدا دۆزراوەتەوە. هەروەها هەندێک لە هەواڵەکانیش باسیان لە مردنی کچەکە کردبوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "شاهین سەمەدپوور"، ڕیپۆرتێری کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ، سەبارەت بەم ڕووداوە لە پەیجی ئینستاگرامیی خۆیدا، وتووێژی نێوان خۆی و باوکی کچەکەی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: "باوکی کچەکە بەگشتی دەستدرێژیی جینسی بۆ سەر کچەکەی خۆی و هەروەها مردنیشی ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی کە کوڕێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە مەبەستی دزینی زێڕی کچەکەم، منداڵەکەی منی دزیوە، بەڵام کاتێک پاسەوانەکانی نەخۆشخانەکە پێیان زانیوە، کچەکەی فڕێ داوە، بۆیە ئازاری دیوە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە".

بە وتەی باوکی ئەم کچە، هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوە، هەژاری لەنێو کۆمەڵگای ئێرانە کە خەڵک ناچار بە دزینی تەنانەت منداڵانیش دەکات.

لە لایەکی ترەوە زۆربەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بەم ڕووداوە، ئەگەری دەستدرێژی بۆ سەر ئەم کچە بەهێزتر دەزانن و لەسەر ئەو بڕوایەن کە باوکی منداڵەکە لەبەر تابۆبوونی ئەو پرسە لە کۆمەڵگادا، باسی لە ڕاستییەکە نەکردووە و دەیشارێتەوە.

نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی لە ڕێژیمی ئێراندا، لەم جۆرە کاتانەدا، ڕەوایی زیاتر بەم کردەوانە دەبەخشێت و زیاتر لە جاران قوربانی لێدەکەوێتەوە کە ئەمەش لە بەرهەمەکانی دەسەڵاتدارێتی ئاخوندەکان بە سەر ئێراندایە.