کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری لە ئێراندا هەڕەشە لە کۆمەڵگا دەکات

13:12 - 16 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە ئێراندا به‌هۆی هەژاری، خەڵک تووشی بەزاندنی سنوورە ئەخلاقییەکان بوونە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باس لە کۆنترۆڵی بازاڕ دەکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتە ڤیدیۆیەک بڵاو کراوەتەوە کە ماشینی هاووڵاتییەک وەرگەڕاوە و خەڵک بە جێگای بەهاناوەچوونی، کەلوپەلە خواردەمەنییەکانی بۆ خۆیان دەبەن.

لەو ڤیدیۆیەدا، ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە شوێنی ڕووداوەکەن، بە پێکەنینەوە خواردەمەنییەکان بۆ خۆیان دەبەن.

ڕووداوی لەم چەشنە باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگای ئێران به‌هۆی هەژاری، لە کاتی لێقەوماندا بە جێگای بەهانەوەچوون، لە بیری دەسبەسەرداگرتنی ماڵ و مڵکی یەکتریدان.

ئەو حاڵەتانە بۆ سیاسەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە کە بەردەوام باس لە دادپەروەری و بنەبڕکردنی هەژاری لە ئێراندا دەکات.

گرانی لە بازاڕەکانی ئێران و کوردستان بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە و کاربەدەستانی ڕێژیم بە جێگای چارەسەریی ئەو کێشەیە، گرانی دەخاتە ئەستۆی هۆکارەکانی دیکە.