کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری ئێرانی تەنیوەتەوە

11:54 - 10 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دوایین لێکۆڵینەوەکانی ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم دەریانخستووە کە هەژاری هەموو سووچێکی ئێرانی تەنیوەتەوە؛ تەنانەت ئەو پارێزگایانەی کە زۆرترین ئیمکاناتی خۆشبژێوی و کارییان تێدا دابین کراوە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی هەژاری لە ئێران ئاشکرای کردووە کە ئاست و بەرینایەتی هەژاری لە ئێراندا بەردەوام زیادی کردووە و تەنانەت سیاسەتەکانی دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هەژاری لەوانەش دانی یارانەی ٤٥ هەزار تمەنی نەیانتوانیوە هیچ شوێندانەرییەکی ئەرێنییان هەبێ؛ لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە نرخی هەڵاوسان لە ساڵی ٩٧ کراوە کە لە سەرووی ٣٠% خۆی دەبینێتەوە.

هەر لەمبارەوە ئەحەد ئازادیخا بەناو نوێنەری مەلایەر لە مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: دەوڵەت دەبێ بە ڕوونی و بێ‌پێچوپەنا لەگەڵ خەڵک قسە بکات، سەرچاوەکانی داهاتی ئێمە سنووردارن، ئابووریمان شکستی خواردووە و ناتوانین پڕۆژە عومرانییەکانمان بە کۆتایی بگەیەنین؛ وتوویشیەتی: سەرەڕای ئەوەیکە ئیزنمان داوە بڕی یەک میلیارد و نیو لە سندووقی گەشەی نیشتمانی بۆ پەرەدان بە کەرتی کار و پیشە هەڵبگیرێت ئەو پارەیە بێ‌هۆ سەرف کراوە.

هاوکات فەرشاد مۆئمێنی ئابووریناس، سەبارەت بە قەیرانەکانی بەرەوڕووی خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە: لە هەلومەرجی هەنووکەییماندا ئێران لەگەڵ قەیرانی جیددی بەرەوڕووە کە بەهۆیەوە ڕوودانی قەیران و کارەساتی مرۆییش بە دوور نازانرێت؛ کارەساتگەلێک کە قەرەبوو ناکرێنەوە.

ناوبراو وتوویەتی: لە هەموو دنیادا کاتێک وڵاتێک تووشی کێشە و قەیرانی ئابووری دەبێتەوە، هەمووان هەوڵ بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئەندێشە و تواناییەکان دەدەن بەڵام لە ئێراندا ستراتێژییەکە بریتییە لە بریندار کردن و ڕووتاندنەوەی خەڵک.