کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەریی گەمارۆوەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران

11:58 - 18 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ڕێژەی کاریگەریی گەمارۆوەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران، کۆنفڕانسێک لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو.

حەوتووی ڕابردوو بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەریی گەمارۆوەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران، کومپانیای "ئیس ئەند پی گلوباڵ پلاتس" کۆنفڕانسێکی تایبەتی بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی فایننەشناڵ تایمز، ئەگەرچی ئەو دانیشتنە تایبەت بە ئێران بوو، بەڵام ئەو کومپانیایە لە ترسی پێشێلکردنی گەمارۆوەکان و گوشاری ئامریکا، ئیزنی بە ئێرانییەکان نەداوە بەشداریی ئەو کۆنفڕانسە بکەن.

وتەبێژی ئەو کومپانیایە لەو بارەوە رایگەیاندووە: "کومپانیاکەیان پێبەندی پاراستنی یاساکانی تایبەت بە گەمارۆوەکانە، ئەوان ئیزن بە بەشداریی ئێرانییەکان لەو کۆنفڕانسانە نادەن"، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ئەگەری ئەوە هەیە، کە ناوی کەسێک لە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە لە خشتەی گەمارۆوەکانی ئامریکادا بێت، هەر بۆیە داوای لێبووردنی لە خەڵکی ئێران کردووە.

کۆمپانیا بیانییەکان، پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام لە ترسی یاسای گەمارۆوەکانی ئامریکا، هاوکاری و پرۆژەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕادەگرن.

لەو پەیوەندییەدا کومپانیای پژۆ سێترۆنی فەڕانسە ڕایگەیاندووە، کە هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران سڕ دەکات، هەروەها زۆرێک لە کومپانیا نەوتییەکانیش ڕایانگەیاندووە، کە کۆتایی بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دێنن.

هەر بە نیسبەت کاریگەربوونی گەمارۆوەکان لەسەر ڕێژیمی تاران، دانڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پرێسکۆنفڕاسێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لەکۆشکی سپی، ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران ئەو ڕێژیمەی چەند مانگ لەمەوپێش نییە و لە هەڵسووکەوتەکانیدا ئاڵوگۆڕ پێک هاتووە و هیوادارم کە لە ڕاستای ئاشتی جیهانی لەگەڵمان هاوکاری بکات".