کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتێكی ژینگەپارێزی لە بەنداوی مەهاباددا بەڕێوەچوو

17:22 - 20 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: زبڵ و خاشاکێکی زۆر لە دەوروبەری بەنداوی شاری مەهاباددا، لە لایەن ژینگەدۆستانی ئەو شارەوە کۆ کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ١٩ی ڕەزبەر، لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا، ژینگەدۆستان، ئەنجومەنەکان، هەیئەتەکانی شاخەوانی و پاسکیلسواری، دەروبەری بەنداوی مەهابادیان لە زبڵ و خاشاک پاک کردەوە.

ئەم هەڵمەتە بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنانە و چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.

ژینگەپارێزان بە دروشمی ''بەنداوی مەهاباد، زبڵدان نییە''، بە شێوەی دڵخوازانە دەستیان بە خاوێنکردنەوەی ژینگەی دەروبەری ئەم بەنداوە کردووە.

لەم پێوەندییەدا ساڵانە بە دەیان چالاکیی ژینگەپارێزیی لەو چەشنە بەڕێوەدەچن و هەموو هاووڵاتییانی کوردستان لە هەوڵی جێگیرکردنی کولتووری ژینگەپارێزیدان.