کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵویستی پێنج وڵاتی سکاندیناوی لە هەمبەر پیلانەکەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران

11:41 - 10 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی پێنج وڵاتی سکاندیناوی لە هەمبەر دوایین پیلانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران هەڵویستی جیدیان گرتووە.

وەزیرانی دەرەوەی سوئید، نوروێژ، فەنلاند، ئیسلەند و دانمارک لە دیدارێکی ٥ قۆڵیدا ڕایانگەیاندووە: "ئێمە بە نیگەرانییەوە سەرنجی زانیارییەکانی وڵاتی دانمارک دەدەین، کە لەسەر پیلانی کوشتنی دژبەرێکی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن کەسێکی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە ڕاگەیەنداروە و لەم قۆناغەدا هاوپێوەندیی خۆمان لەگەڵ دۆستان و هاوپەیمانەکانی دانمارک ڕادەگەینین.

وەزیرانی ئەم پێنج وڵاتە هەر جۆرە هەڕەشەیەک بە دژی ئەمنییەتی وڵاتانی سکاندیناوییان بە قێزەون لە قەڵەم داوە و لەو بارەوە وتوویانە: "گرنگ ئەوەیە کە وڵاتانی سکاندیناوی شانبەشانی یەک لە بەرانبەر ‌هەڕەشەکانی هەمبەریان ڕابوەستن.

ئەم  هەڵویستە لە هەمبەر پیلانی شارومەندێکی نوروێژیی خەڵکی ئێران، لە ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەزەڵوەر، گیراوە، کە بە گومانی هاوکاریی لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوە و بەنیاز بووە کە یەکێک لە ئەندامانی "جنبش الاحواز" تێرۆر بکات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر ئەم هەڵویستی دانمارکە، دیسان وەکوو هەمیشە پەنایان بۆ چەواشەکردن و بەتاوانبارناسینی وڵاتانی دیکە بردووە و محەممەدجەواد رەزیف لەم بارەوە وتوویەتی: ئەم پیلانە لە ژێر سەری ئیسرائیلە.