کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستە نێونەتەوەییەکان لەهەمبەر قسەکانی خامنەیی

11:43 - 16 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: قسەکانی خامنەیی لە ٢٩هەمین ساڵمەرگی خومەینیدا لەهەمبەر دەسپێکردنەوە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم هەڵوێستی جیهانی لێکەوتەوە.

ئێوارەی ١٥ی جۆزەردان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پڕێس‌کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: ئێمە گوێمان لە قسەکانی خامنەیی گرت؛ دەبێ تاران بزانێت کە ئێمە ئامرازی گوشاری زۆرمان لەبەردەستدایە؛ ئێران دەبێ بزانێت کە نابێ بە ڕێگەیەکدا بڕوات کە ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

هەر هەمان ڕۆژ بێنیامین نێتانیاهوو ڕایگەیاند: پێم سەیر نەبوو کە گوێم لەم بڕیارەی خامنەیی بوو، کە مەبەستی ناوبراو ناخی کێشەخوڵقێنی ڕێژیمی تاران بوو، هەروەها لە پەیامێکی تویتێریدا ڕایگەیاند ئیسرائیل ئیزن بە کۆماری ئیسلامی نادات کە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

لەلایەکی دیکەشەوە "ییسراییل کاتز" وەزیری زانیاری نێتانیاهوو خوازیاری پێکهێنانی بەرەیەکی سەربازی لەدژی ئێران بوو؛ ناوبراو بە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی وتووە: ئەگەر کۆماری ئیسلامی واز نەهێنێت و بیهەوێت دەس بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بکاتەوە لەگەڵ هەڵوێستی جیددی ئێمە بەرەوڕوو دەبێتەوە.

هەر لەمبارەوە وتەبێژێکی فێدریکا مۆگرێنی بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکیەتیی ئەورووپا لە دژکردەوەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم چەشنە کارانەی ئێران تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و یارمەتی بە هێوربوونەوەی کەشی زاڵ ناکات.

لە چەند مانگی ڕابردوودا و بەتایبەت پاش کشانەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام کە پشتگیری وڵاتانێکی وەک ئیسرائیل و عەرەبستانی بەدواوە بوو، دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران بە تەواوی شێواوە بەچەشنێک کە بەشێک لە هێزەکانی خودی ڕێژیمیش بڕوا و متمانەیان بە سیاسەتەکانی ڕێژیم نەماوە.