کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوەشاندنەوەی کونسێرتی شارام نازری و حافز نازری لە لایەن دادستانی شاری قووچان

17:51 - 7 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: کونسێرتی شارامی نازری و حافز نازری کە بڕیار بوو لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری قووچان بەڕێوە بچێت، لەلایەن دادستانی ئەو شارەوە ‌هەڵوەشایەوە و شوێنی بەڕێوەچوونەکەشی پلۆمپ کرا.

ئەم کونسێرتە لە ژێر ناوی ئاوازی پارسی بڕیار بوو لەلایەن هونەرمەندی کورد شارام نازری و حافز نازری کوڕی ناوبراو لە ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لە یانەی وەرزشی کاریگەرانی قووچان بەڕێوە بچێت، بەڵام ڕەمەزانعەلی ئازەری (دادستانی قووچان) لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەری ئیرنا باسی لە هەڵوەشانەوەی ئەم کونسێرتە و پلۆمپ کردنی شوێنی بەڕێوەچونەکەی کرد.

دادستانی قووچان، هۆکاری هەڵوەشانەوەی ئەم کونسێرتەی بۆ نالەباربوونی شوێنی بەڕێوچوونەکە گەڕاندەوە و باسی لەوە کرد کە ئاستی هونەرمەندان و دانیشتوانی قووچان لە هەڵبژاردنی شوێنی بەڕێوەچوونەکە لە بەرچاو نەگیراوە.

ناوبراو هیچ ئاماژەیەکی بە هۆکاری نالەباربوونی شوێنی بەڕێوەچوونەکە لە ڕوانگەی خۆیەوە نەکردووە و هەروەها باسی لەوەش نەکردووە کە ئەم نالەبارییە چ دژایەتییەکی لەگەڵ یاسای ئێراندا هەیە.

هەڵوەشاندنەوەی ئەم کونسێرتە لە حاڵێکدا بوو، کە بەڕێوەچوونەکەی لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی ئیرشادی قووچان و پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی پەسەند کرابوو و بلیتەکانیشی فرۆشرا بوو، تەنانەت هێندێ لە کاناڵەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلگرام ڕایانگەیاندبوو کە بەرپرسانی ئەم کونسێرتە وادەیان پێدراوە، کە لە هەر حاڵێکدا کونسێرتەکە بەڕێوە دەچێت.

پێشتریش کونسێرتەکانی شارام نازری و هونەرمەندانی دیکە لە شارەکانی خوراسانی ڕەزەوی هەڵوەشێنراوەتەوە، کە هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ ناڕازی بوونی بەرپرسانی حکوومەتی بەتایبەت نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم و پێشنوێژی مەشهەد واتە ئەحمەد عەلەمەلهودا دەگەڕێتەوە، کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو: دژی بەڕێوەچوونی هەر کونسێرتێک لە سەرانسەری وڵاتە.

ناڕازی بوونی پێشنوێژی مەشهەد لە بەڕێوەچوونی کونسێرت لە حاڵێک دایە کە ئیبراهیم ڕەئیسی زاوای ناوبراو، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئەمساڵدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی هونەرمەندان لەگەڵ ئەمیر حوسێن مەقسوودلوو ناسراو بە تەتەلوو یەکێک لە گۆرانبێژەکان دەنگەشەییەکانی ئێران کە بە شاراوە گۆرانی دەخوێنێت، دانیشتنی هەبووە و ناوبراو پشتیوانی خۆی لەم بەربژێرە دەربڕیبوو.

شایانی باسە کە شاری قووچان بە حەشیمەتی ١٨٠ هەزار کەسیەوە، لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای مەشهەد هەڵکەوتووە و دانیشتوانی ئەم شارە بە تێکڕا کوردن.