کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی ئابووریی ئێران دەگاتە -٥/٥%

11:07 - 13 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پێشبینی دەکرێت هەڵکشانی ئابووریی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو لە باشترین دۆخیدا بگاتە -٢/٦% و لە خراپترین دۆخیشدا بگاتە -٥/٥%.

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم پێشبینی کردووە، کە ئاستی هەڵکشانی ئابووریی ئێران لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا دەگاتە  -٥/٥% و ڕەوتی دابەزینی ئاستی ئابووریی ئێرانیش لە ساڵی ١٣٩٨ دا بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبێت.

سەرەڕای دابەزینی بەرچاوی ئاستی هەناردەکردنی نەوت، داهاتی دسکەوتوو لە نەوت و سەرچاوە گازییەکان لە بودجەی ساڵی داهاتوو بە ١٤٣هەزار میلیارد تمەن خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە بودجەی ساڵی ١٣٩٧دا، ١٠١ هەزار میلیارد تمەن بووە؛ هەروەها "داهاتە ماڵییەکان"ی وڵات لە بودجەی ساڵی داهاتوودا بە ١٥٧هەزار میلیارد تمەن پێشبینی کراوە، کە بە بەراورد لەگەڵ بودجەی ئەمساڵ نزیکەی ٢٨هەزار میلیارد تمەن بەرزکراوەتەوە. ئەم ژمارە پێشبینی کراوانە سەبارەت بە داهاتی نەوت و سەرچاوە گازیی و داهاتە ماڵییەکان دوورن لە ڕاستی و لە چەواشەکارییەک زیاتر هیچی تر نییە.

پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ١٣٩٨دا لەژێر کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هەروا دۆخی ئابووری ئێران بەرەو خراپتربوون بڕوات، لە کاتێکدا "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاتی پێشکەش کردنی گەڵاڵەی بودجە بۆ ساڵی ١٣٩٨ ڕایگەیاند کە دۆخی ئابووری لە مانگی بەفرانبار و مانگەکانی داهاتوو بەرەو باشتر بوون دەڕوات.