کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس ئاکامی ئۆپراسیۆنی خۆیان ڕاگەیاند

11:39 - 28 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: "هەڵۆکانی زاگرۆس" لە هەواڵێکدا بڵاویان کردەوە کە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی ڕۆژی هەینیدا، چەند کەس کوژرا و بریندار بوونە.

وێبلاگی "هەڵۆکانی زاگرۆس" بڵاوی کردووەتەوە، هەڵۆکانی زاگرۆس پۆلی ئاربابا، دوای ئەوەیکە تاقمێک لە بەکرێگیراوانی تاڵانچی و ڕێگری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان، لە ناوچەی خێڵەڕەشی بانە دایە بەر هێرشی خۆیان، چەند کەس لە هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژرا و بریندار بوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی وێبلاگی هەڵۆکانی زاگرۆس و زانیارییەکانیان لەبارەی ئەنجامی ئەو ئۆپراسیۆنەدا، "ئارمان فەخری" کوژراوە و "لوقمان خیاڵی" و کەسێکی دیکە بە ناوی "مەنێشلوو" بریندار بوونە و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ڕاگوێزراون.

شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، هەڵۆکانی زاگرۆس هێرشیان کردە سەر ڕێگر و تاڵانچییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە بە مەبەستی ڕاوەڕووت و کوشتنی کاسبکارانی ناوچەی ناوبریکانی خێڵەڕەشی بانە بۆسەیان نابوویەوە.

هەڵۆکانی زاگرۆس ڕایانگەیاندووە کە هەتا کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی زۆرەملێی ڕێژیمی تاران لە کوردستان پاڵپشت و پارێزەری هاونیشتمانانی زۆرلێکراو دەبن و بێ وچان سزای سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەین.