کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس هێرشیان کردە سەر مۆڵگەیەکی ڕێژیمی ئێران

10:45 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: "هەڵۆکانی زاگرۆس"، لە شاری سنە، لە ئۆپراسیۆنێکی بەرنامەداڕێژراودا مۆڵگەیەکی سپای تێرۆریستی پاسدارانیان کردە ئامانجی خۆیان.

وێبلاگی "هەڵۆکانی زاگرۆس"، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە گوندی "دەگاگا" لە نێوان شارەکانی کامیاران  و سەوڵاوا و سەر بە پارێزگای سنە، هێرشیان کردووەتە سەر مۆڵگەیەکی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتی وێبلاگی هەڵۆکانی زاگرۆس، کاتژمێر ٥ی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پۆلی کۆساڵانی هەڵۆکانی زاگرۆس، مۆڵگەی تەپە عوسمانی هەوارمارانیان لە دەگاگا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر داوەتە بەر گورزی ئاگرینی چەکەکانیان. لە ئاکامی ئەو هێرشەی هەڵۆکانی زاگرۆسدا، ژمارەیەک لە هێزەکانی دوژمن کوژراو و بریندار بوونه و زیانی ماڵی بە کەلوپەلی موخابراتی و لۆجێستیکیی سپای دژی گەلیی ڕێژیمی تاران کەوتووە.

 هەڵۆکانی زاگرۆس بڵاویان کردووەتەوە، خەڵکی نیشتمانپەروەری دەگاگا لە ڕەوتی خەباتی نوێی گەلەکەماندا چالاکانە بەشدارییان لە بزووتنەوەدا کردووە و بە گیان و ماڵ پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە بوون. سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە مەبەستی سەرکوت و ترساندنی خەڵکی گوندی دەگاگا دوو مۆڵگە لە جاش و پاسدارەکانی خۆی لە نێو گوند و بەرزایییەکانی ئەو گوندەدا داناوە. کوڕەی گڵێن کە بە تەپەعوسمانیش ناسراوە، لەمێژە بەو کوانەوە ئاوساوە کە بێزراوی خەڵکی ئاوایی و ناوچەکەیە و هێمای دزێوی ڕوخساری داگیرکەرانی کوردستانە، هەڵۆکانی زاگرۆس بڕیاریان دا بۆ دەربڕینی ئەو ڕق و بێزارییە زەبرێکی کاریگەر لەو مۆڵگەیەی دوژمن بوەشێنن.