کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سوئید سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد

00:47 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوئێد و بەتایبەت لەگەڵ " دانییەل پێترشوون"، بەرپرسی پێوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆ بووەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕێبەندان، هەیئەتی پێوەندییەکانی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "حەمید تەیمووری" و "جەمیلە حەسەنخاڵی"، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوئیدیان کرد و چاویان بە "دانییەل پێترشوون"، Daniel Pettersson بەرپرسی پێوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران و کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کەوت.

 لەم دیدار و چاوپێکەوتنەدا  کۆمەڵێک خاڵیان تاوتوێ کرد کە بریتین لە:

ـ کورتەیەک لەسەر مێژووی حیزبی دێموکرات و ئەو خەباتەی کە لە ماوەی ٧٣ ساڵیدا دژی ڕێژیمی پاشایەتی و ئەم چل ساڵەی دواییشدا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامی داوە و لەو ماوەیەشدا بە هەزاران شەهید و برینداری داوە، کە لەوانە دەتوانین سێ ڕێبەری حیزبی دێموکرات وەک قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی ناو ببەین، کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئێعدام و تێرۆر کراون.

ـ لەو دیدارەدا باسی ڕاسانی حیزبی دێموکرات خرایە بەرباس، کە حیزب لەسەر چیاکانی کوردستان خەریکی چالاکییە و پێشمەرگەش دەڕۆنە نێو خەڵک و چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری لە نێوخۆی کوردستاندا ئەنجام دەدەن. باسی بۆردمانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات کرا کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە مووشەک ئەو هێرشە ئەنجام درا و لە ئاکامدا کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و پێشمەرگەی دێموکرات بوونە قوربانی و شەهید کران.

ـ هاوکات باسی زیندانییانی سیاسیی کورد کە لە زیندانەکانی ڕێژیمدان و باسی ئەو لیستەی زیندانیان کە پێشتر بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوئید و وەزارەتی دەرەوە نێردرابوو. سەرەڕای ئەوانەش باسی ئەو ٧ هەزار زیندانییە سیاسییانەی ئێران کرا کە لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاوی کردووەتەوە، کە سادق لاریجانی باسی ئەوەی کردبوو زیندانیی سیاسی لە ئێراندا نییە، بەڵام لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەی بە شەرمەزاری بۆ ئێرانی لە قەڵەم داوە.

ـ باسی کێشەی کۆڵبەر و کوشتنیان لە لایەن سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی کرد، کە لە ماوەی مانگی ژانویە زیاتر لە ٣٥ کۆڵبەر کوژران و بریندار کراون، سەرەڕای ئەوەش هێسترەکانیان دەدەنە بەر دەسڕێژ و دەیانکۆژن و ئەم کارەساتانەش بە وێنە پیشانی نوێنەری وەزارەت درا. باسی بێکاری و نەبوونی بژیوی ئەو خەڵکە کرا کە لەبەر هەژاری و بژیوی ژیان ناچارن کۆڵبەری بکەن و تەنانەت هێزی سپای پاسداران لە کوشتنی هێسترەکانیشیان دەسپارێزی ناکات.

ـ کێشەی ژینگە خرایە بەرباس و لێکدانەوە کە ڕێژیمی ئاخوندی دەیەوێت تەنانەت داروبەردی کوردستان لەنێو ببات و ژینگەپارێزانی کوردستان شەهید بکات، کە لە هاوێنی ڕابردوودا، کاک شەریف باجوەر و هاوکارەکانی لە کێوەکانی دەوروبەری شاری مەریوان لە لایەن سپای پاسدارانەوە شەهید کران.

هەر لەو بوارەشدا باسی هەڵنەگرتنی مین لە سنوورەکانی کوردستان بۆ پێترشوون هێنرایە بەرباس کە لە حەوتووی ڕابردوودا سێ کەس بە هۆی مینەوە بریندار بوون و لاق و دەست و چاویان لەدەست داوە. کە ئەوەش بە وێنە پێشان دران. سەرەڕای ئەوانەش باسی لاوەکان کرا کە نەخۆشن و سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و بەئەنقەست دەرزی هەڵەیان لە لایەن کارمەندانی نەخۆشخانە لێ دەدرێت و دەیانکوژن، کە لە ماوەی ئەم دوو هەفتەی ڕابردوودا سێ کەس بەو جۆرە گیانیان لە دەست داوە و ئەمەش مێتودێکی نوێیە و مەترسیدارە بۆ لەنێوبردنی لاوانی کورد. هەر بەو جۆرە وێنەکان پیشان دران.

ـ باسی مانگرتنی مامۆستایانی کورد کرا، کە لەم دواییەدا لە شاری دیواندەرە کۆمەڵێک مامۆستایان دەسبەسەر کردووە و لە زینداندان و تەنانەت لەژێر ئەشکەنجەدان. ئەم گرووپە مامۆستایانە هێشتا ئازاد نەکراون.

باسی ژۆرنالیستەکان کرا کە لە ماوەی ئەم چل ساڵەی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٨٦٠ رۆژنامەچی لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە کوژراون، هەر چەند ئەم ئامارە ناتەواوە و لەوە زۆرترە کە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

سەرەڕای ئەمانەش باسی نەتەوەکانی وەک ئازەری، عەرەب، تورکمەن و بەلوچ کە ئەوانیش وەک نەتەوەی کورد لەژێر زەبرو گرتن و کوشتندان و هەلومەرجیان لە ئێمەی کورد باشتر نیە. باسی کەمە ئاینییەکان وەک: سونی، یارسان و بەهاییەکان کە لە هەموو بوارێکدا لەژێر هەڕەشەدان، هێنرایە بەرباس و لێکدانەوە.

ـ باسی تێرۆرەکانی ئورووپا لەم دواییانەدا لە لایەن ئێرانەوە ئەنجام دران لە دانیمارک، هوڵەند و فەڕانسە و ئاڵمان کە خودی ڕێبەرانی ئێران لە پشت ئەو کارانە بوون و دەیانەوێت بەو جۆرە توندوتیژی و تێرۆری چالاکڤانان و ئۆپوزسیۆن بترسێنن و کێشە نێوخۆیییەکان بشارنەوه، کە ئێستا خەڵکی ئێران دژیان لە شارەکان ڕاپەڕیوە و خۆپێشاندان دەکەن.

ـ باسی گرتنی دیپلۆماتەکانی ئێران کرا کە سیخوڕ و بەتەمای کاری تێرۆر بوون و لە ئاڵمان دەسبەسەر و ڕادەستی بلژیک کران، هەروەها باسی دەستێوەردانی ئێران بۆ ناوچەکە و ئاژاوەنانەوە هێنایە بەرباس.

هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داوایان لە وەزارەتی دەرەوە کرد، کە لە لایەن دەوڵەتی سوئیدەوە گوشار بخەنە سەر ئێران و پرسی کورد بخەنە بەرباس و لێکدانەوە و لە بەرنامەی کاری خۆیاندا کاری بۆ بکەن و کاریگەرییان لە داهاتووی ئێران و کوردستاندا هەبێت.

لە کۆتاییدا پێترشوون سپاسی هەیئەتی حیزبی کرد، بۆ زانیارییەکانیان و باسی ئەوەشی کرد، کە ئەوان هەردەم لەگەڵ هەیئەتی ئێرانی باسی کێشەی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران و تەنانەت مافی مرۆڤ دەخەنە بەرباس و لێکدانەوە.

 ناوبراو وتیشی: هەر بۆیە ئەم زانیارییانە بەکەڵکن بۆ ئەوان و بۆ باس لەگەڵ ئێرانییەکان، ناوبراو سپاسی هەیئەتی کرد بۆ ئەو چاوپێکەوتنە بەکەڵکە. هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبیش بە نۆرەی خۆیان سپاسی بەڕێزیان کرد بۆ ئەو دەرفەتەی کە بەئەوانی داوە و بە وردی گوێی بۆ گرتن.