کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداری سێمیناری ناوەندی لێکۆلینەوەی ڕووداو لە هەولێر کرد

22:38 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هەیئەتێكی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری لە سێمینارێک لە ژێر ناونیشانی کام دێموکراسی بۆ کوردستان باشە؟ کرد.

ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی فەرمی ناوەندی لێکۆلینەوەی ڕووداو، هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر بە سەرپەرەستیی محەممەد ساڵح قادری بەشداری لە سێمینارێک لە ژێر ناوونیشانی کام دێموکراسی بۆ کوردستان باشە؟ کرد، کە لە لایەن ناوەندی توێژینەوەی ڕووداو بۆ د. ئازاد عەلی و کۆمەلێک ئاکادیمسیەن و ڕووناکبیری شارەزا لەو بوارەدا پێکهێنرابوو. شایەنی باسە ناوبراو لەو بوارەدا توێژینەوەیەکی خۆی بە زمانی عەرەبی لە چوارچێوەی کتێبێکدا چاپ کردبوو و پێشکەش بە بەشدار بووانی سێمینارەکە کرا.

لە بڕگەیەکی ئەو سێمینارەدا نوێنەری حیزب لە وەڵامی چەند پرسیارێکی کۆڕگێڕدا، تیشکی خستە سەر ڕوانگەکانی شەهید دکتور قاسملوو لەمەڕ پرسی دێموکراسی و ئاوێتەبوونی ئەم چەمک و بەهایە لەگەل خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان کە چ وەک کەلتوور و چ وەک پرەنسیپ خاوەن نرخێکی سەردەمی و پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵگای مرۆییە و لەهەمانکاتدا وەک زامنی سەرەکی بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسی، گرینگیەکی تایبەتیی هەیە. هەر بۆیە بۆ گەلی کورد، خەبات بۆ دێموکراسی هاوشانە لەگەل خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و ئەم دوو چەمکە تەواکەری ناسنامەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمانن.