کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوئێدی کرد

20:15 - 7 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوئێدی کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی،حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن چووە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوئێد و لەگەڵ بیۆرن دالین ڤان ویسBjörn Dahlin Van Wees بەرپرسی بەشی ڕۆرهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجام دا.
لەم دیدارەدا کۆمەڵێک باس و کیشەی ئێران و کوردستانیان هێنایە بەر باس و لیکدانەوە.

سەرەتا نوێنەری حیزب باسێکی کورتی لە سەر حیزبی دێموکرات شی کردەوەو وتی کە مێژووی دامەزرانی حیزب دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٧٠ ساڵ لەمەوپێش و بە درێژایی مێژووی حیزب خەباتی بۆ ڕزگاری کورد و کوردستان کردووەو لە کارنەمەی ئەو حیزبەدا ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەممەد بووە، کە بەداخەوە کەمتر لە ساڵێک ئەو کۆمارە دەوامی هەبووەو پاشان بە گەلەکۆمەی وڵاتانی زلهێز و بە هاوکاری دیکتاتۆری پهلوی ئەو کۆمارە تیکرۆخا و قازی و هاوکارەکانی ئێعدام کران.

پاشان حیزب بە نهێنی دژی ڕێژیمی داپڵۆسێنەری پەهلەوی لە خەباتدا بووە وئەوە ئێستاش نزیکەی ٤٠ ساڵە بە ئاشکرا دژی ڕێژیمی مەلایان ئێران لە خەبات و ململانێدایە.

پاش ئەم کورتە مێژوویەی حیزب، نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب باسی ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دوو مانگەی ئێران و کوردستانی کرد کە خەڵکی وەزاڵە هاتوی ئێران لە شارەکان دژی رژیمی ئاخوندی ڕاپەڕیون و ئەم ڕاپەڕینەش لە شارەکانی کوردستان وەک کرماشان، سنە و مهاباد و بانە و هەتا دوایی گرتەوە. هەر لەم پێوەندیەدا تاکو ئیستا نزیکەی ٧٠٠٠ کەس گیراون و زۆربەی ئەم خەڵکە لەژێر ئەشکەنجە دان و کۆمەڵێک لەم خەڵکە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپاردووە و سەرانی ڕێژیمیش پاساوی ئەوە دێننەوە کە ئەم کەسانە لە بەندیخانەکاندا دەستیان داوەتە خۆکوشتن. هەرچەند ڕۆژانە خەڵک دەگرن و رادەی کوشتنەکان بەرز دەبنەوە کە نموونەی چەند رۆژی ڕابردوو بو لە شاری تاران و دژی دەروێشەکانی گۆنابادی کە تاکو ئێستا ئاماری پەنچ کەس لەوانە بەڵاو بووەتەوە کە بە دەستی جەللادەکانی ئەو ڕێژیمە کوژراون. لە شارە کوردیەکانیش کۆمەڵێک خەڵک گیراون و تاکو ئێستاش چارەنووسیان ناروونە. هەر لەم مانگی دواییەدا ٥٠ لاوی کورد گیراون و تۆمەتی سیاسی یان لایەنگری لە حیزبە کوردیەکانیان داوەتە پاڵیان. ڕێژیمی ئێران لەوپەڕی قەیراندایە و لە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی سڵ ناکاتەوە و ڕۆژانە بەو کردەوە نامرۆڤانەیان، مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن. نەتەوەکانی ژێردەسڵاتی ئەو ڕێژیمە وەک کورد، ئازەری عەرەب، بەلووچ و تورکمەن لەژێر ستەمی نەتەوایەتیدا دەناڵێنن و هیچ مافێکی کولتوری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیان لە نیشتمانی خۆیاندا نیە.

حیزبی دیموکرات هەر لە ڕاپەڕینی ڕۆژی یەکەمی خەڵک کە لە شاری مەشهەد دەستی پێ کردووە، پشتیوانی خۆی بۆ ئەو خەڵک دەربڕیوەو لە کاتی پێویستیشدا یارمەتی دەریان دەبێ. هەر بۆیە ڕژیم ڕۆژانە هەڕەشەی کوشتن و بوردمانی ڕێبەرانی حیزب و کەمپی کوردە دژبەرەکانی کە لە باشووری نیشتمان نیشتەجێن دەکا. حیزبی دێموکرات دەزانێ کە ڕێژیم رۆژ دوای رۆژ قەیران بەرۆکی گرتووەو گوێ ناداتە هەڕەشەو گوڕەشەی ڕێژیم و بە کردەوەش ئەوە ٤٠ ساڵە ماهیەتی ئەو ڕێژیمەی بۆ دەرکەوتووە کە ئەو ڕێژیمە قابلی ئاڵۆگۆڕ نیە و تەنیا زمانی زەبر و کوشتن دەزانێ.

نوێنەری حیزب لە وڵاتی سوید تەیمووری ئەوەشی باس کرد کە هۆکاری ڕاپەڕینی خەڵک دژی ئەو ڕێژیمە دەگەرێتەوە بۆ دروشمی درۆ و هیچ و پوچ و بێ ناوەڕۆکی ئەو ڕێژیمەیە بە خەڵکەکەی کە ئیتر ئەو خەڵکە باوەڕیان بەو نیزامە نەماوە. هۆکارەکانی‌تری خۆپێشاندان، قەیرانی بێکاری، هەژاری و بێ دەرەتانی خەڵک، نەبوونی دەواو دەرمان و نەخۆشخانە، بەرز بوونەوەی نرخی دەرمان و کاڵا و قووڵ بوونەوەی کیشەی کۆمەڵایەتی، بەرز بوونەوەی خەرجی قوتابخانەکان، ڕێگاوبان و قەیرانی بێ ئاوی و هەتا دوایی.

سەرەڕای ئەمانەش داهاتی ئێران خەرجی چەک و تەقەمەنی دەکرێ و دەنێردرێت بۆ وڵاتانی عێراق، سوریە، یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان و کۆمەڵێک وڵاتی ئافریقا، کە چی خەڵکەکەی خۆی لە هەژاریدا دەناڵێنێ. تەیموری باسی ئەوەی کرد کە لێکۆڵەران لە ئێران ئەویان شی کردووەتەوە کە ڕێژەی خۆسوزاندنی ژنان لە ئێران بەرز بووەتەوەو ئێران یەکەم وڵاتە لە ناوچەکەدا کە ژنان خۆیان دەسوتێنن. هەروەها نزیکەی٢٤٪ خەڵکی ئێران تووشی نەخۆشی و کێشەی دەروونی بوون. لێکۆڵەران دەڵێن کە ٦ ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس لە ئێراندا تووشی نەخۆشی خەمۆکی بوون. یان نزیکەی ٤٠٪ ئەو لاوانەی کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە بێکارن.

سەرباری ئەو هەموو کێشانە لە ئێراندا بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هیچ بەرنامەیەکی وەک کونسێرت، شەوئاهەنگ کە شادی‌هێنەر بێ بۆ خەڵک نیە و تەنانەت پێشی پێ دەگرن. جگە لەمانەش پێرەوانی غەیرە موسڵمانی شیعە بە تووندی جیاکراونەتەوەو لە ژێر ستەمی قورسدان.

پاش ئەم شی‌کردنەوەی نوێنەری حیزب، بەڕێز بیۆرن دالین سپاسی حیزبی کرد و هیوای خواست کە وەزعەکە بە شێوەیەک ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ و کوردیش لەو کێشانەدا و گەلانی ئێرانیش رزگاریان بێ. بەڕێز دالین زۆر سپاسی نوێنەری حیزبی کرد بۆ شی کردنەوەو زانیاریەکانی. ناوبراو وتی کە لەگەڵ هاوکارەکانی ئەم کێشانە ئاڵوگۆڕ دەکەن و لە داهاتوودا وەک گەڵالەیەک پیشکەشی نوێنەرانیان دەکەن کە لەگەڵ بەرپرسانی رژیم لە وتوێژدان.

لە کۆتایشدا نوێنەری حیزب داوای کرد کە وەزارەتی دەرەوەو حکومەتی سویدیش یاریدەر بن بۆ چارەسەری کێشەی کورد و هەرچەند بۆ خۆتان ئاگاداری وەزعی کوردن لە ناوچەکە. ئەوەیە کە رژیمی ئاخوندی بڕیاردەرە لە وڵاتانی عێراق، سوریە، یەمەن و باشور لوبنان و تەنانەت حەشدی شەعبی کە ڕێژیمی ئیران پێکی هێناوە بە بەرچاوی زلهێزەکان شاری کەرکووکیان داگیر کردو ئەوەتە کۆمەڵێک ڕێکخراوی تێرۆریستی سەر بە ڕێژیمی ئێران چوونەتە ناوەندی شاری عەفرین، کەچی زلهێزەکان و ئورووپا لە دوورەوە بێدەنگ بوون و تماشا دەکەن و بە جۆرێک پشتیوانی لە دوژمنانی کورد دەکەن. لە وەڵامدا بەڕێز بیۆرن وتی کە هەلومەرجەکە زۆر پێچاوپێچەو کێشەکان لەوە قووڵترن کە بیریان لێی دەکەینەوە. ناوبراو هیوای خواست کە هەلومەرجەکە بە شیوەیەکی ئەرێنی کۆتایی پێی بێ. بەڕێز بیۆرن هیوای خواست کە لە داهاتوودا ئەم چاوپێکەوتنانە بەردەوام بێ و ئاڵوگۆڕی زانیاری زۆرترمان هەبێ. لە کۆتایشدا نوێنەری حیزب سپاسی بەڕێز دالینی کرد کە بە سەبرەوە گوێ بۆ وتەکانی ڕاگرت و ناوبراویش زۆر سپاسی کرد بۆ ئەو دیدارە.