کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی نوێنەرایەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات دیدارێکی لە پارلمانی سوئید پێکهێنا

15:54 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی نوێنەرایەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە  پارلمانی وڵاتی سوید دیدار و چاوپێکەوتنیان  لەگەڵ نوێنەرانی نێونەتەوەیی سوسیال دێموکرات پێکهێنا.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەیئەتێکی نوێنەرایەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید کە پێکهاتبوون لە بەرپرسی نوێنەری پێوەندییەکان "حەمید تەیمووری" لەگەڵ "جەمیلە حەسەنخاڵی" بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەرانی نێونەتەوەیی سوسیال دێموکرات کە پێکهاتبوون لە "ئەڤین ئینجیر، لەیف نیسمێد و کادیر کاسیرگا" چوونە پارلەمانی ئەو وڵاتە.

لەو دیدارەدا کۆمەڵێک خاڵ تاوتۆی کران کە بریتین لە:

سەرەتا هەلومەرجی حیزبی دێموکرات و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و کوردستان بە گشتی و ئێرانیان تاوتۆێ کرد. باسی ڕاسان و پێشمەرگە لە چیاکان و سەر سنوور و جێگیربوونیان بۆ ئەگەری ئاڵوگۆرەکان لە ناوچە و کوردستان. هەروەها ئۆرگانیزەکردن و چاودێریی هێزەکانمان لە سەر سنوور و چیاکان و تەنانەت نێوخۆش باسی لەسەر کرا.

هەر دوو لیستی زیندانیانی سیاسی و لیستی ئەندامانی حیزب کە لە ئەم چەند ساڵەی خەباتیان دژی داگیرکەری کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە لە کوردستان و باشوور و ئۆرووپا تێرۆر کراون؛ باسی لەسەر کرا.

هەلومەرجی زیندانیانی سیاسیی کورد؛ بەتایبەت ئەو زیندانیانەی کە لە کاتی ڕێفراندۆمدا شایی و خۆشیان کردبوو و بەو هەڵبژاردنە خۆشحاڵی خۆیانیان دەربڕیبوو هەتاکوو ئێستاش ناڕوونە. پاشان باسی ئەو ٧ هەزار زیندانییەی کە لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاوی کردووەتەوە بە شەرمهێنەری بۆ ڕێژیمی ئێران ناوزەد کرد، کە چی سادقی لاریجانی باسی ئەوە دەکا کە لە ئیراندا زیندانیی سیاسییان نیە.

باسی کێشەی کۆڵبەرانی کوردستان کرا، کە لە لایەن سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی ڕێژیمەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکرێ و دەکوژرێن کە تەنیا لە مانگی ژانویەی ٢٠١٩ ، ٣٥ کۆڵبەر بە تەقەی هیزەکانی سپاوە کوژرا و بریندار کراون.

 پاشان باسی مین کرا کە خەڵکی کورد لە سەر سنوورەکان دەکەونە سەر ئەو مینانە و لاق و دەست و چاویان سەقەت و بریندار دەبێت، کە بەداخەوە ڕێژیم بە ئانقەست ئەو مینانەی لە سنوورەکان پاک ناکاتەوە و ڕۆژ نییە کوردێک بریندار نەبێ.

سەرەڕای ئەمانەش باسی نەبوونی دەوا و دەرمان لە ناوەندەکانی تەندروستی خرایە بەر باس کە بەداخەوە هەتاکوو ئێستا سێ کەس لە نەخۆشخانەکان بە هۆی دەرزی هەڵەوە گیانیان لە دەست داوە و ئەم ڕەوتەش هەروا بەردەوامە و ئەمەش مێتودێکی نوێی ڕێژیمە بۆ کورد کوشتن. هەر لەو بوارەشدا باسی بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان کرا کە لە نێو لاوانی کورددا لە شار و لادێکاندا بڵاوی دەکەنەوە.

هەیئەتێکی نوێنەرایەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا، کێشەی مامۆستایانیان لە کوردستان هێنایە بەر باس کە مانیان گرتووە و لەم دواییەش کۆمەڵێک مامۆستایان لە شاری دیواندەرە دەسبەسەر کردووە و لە شارەکانیتری کوردستان کۆمەڵێک مامۆستا لە بەندیخانە دان و کەسیش وەڵامدەر نییە و ڕێژیمیش بە هۆکاری جۆراوجۆر لە بەندیخانەکاندا ئازار و ئەشکەنجەیان دەدات.

 باسی ژینگەپاریزانی کوردستان کرا کە لە بەندیخانەکاندا لەژێر ئەشکەنجە دان و ئەوە بوو لە هاوێنی ڕابردوو شەریف و هاوڕێیەکانی لە شاری مەریوان کە خەریکی ئاگر کوژاندنەوە بوون بە تەقەی سپای پاسداران شەهیدیان کردن.

ڕێژیم دەیهەوێ تەنانەت داروبەردی کوردستان کاول بکات هیچی بەسەر یەکدا نەهێڵێ. هەر لەو پێوەندیەدا باسی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران کرا کە بە بێ ترس بەرهەڵستی ڕژیم بوونەتەوە و ڕژاونەتە شەقامەکان و دژی ئەو ڕێژیمە خۆپێشاندان دەکەن و خۆپێشاندانەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران هەروا بەردەوامە.

هەیئەتێکی نوێنەرایەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، باسی گرانی کاڵا و نەبوونی کار و نەبوونی دەوا و دەرمان و بێکاریی لە ڕادەبەدەر لە وڵات و هەژاری و نەبوونی بژیوی ژیان کرد کە ئەمانە هەمووی ئەو کێشانەیە کە بەشێکی خەڵکی کوردستان ناچار دەبن ڕوو بکەنە کاری پڕ مەترسیداری کۆڵبەری لە سەر سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 لە تەوەرێکیتری باسەکە باسی ئەو ٨٦٠ ژۆڕنالیستەمان ‌هێنایە بەر باس کە لیستەکەی لە لایەن هەواڵنێرانی بێ سنوور چاپ و بڵاو کراوەتەوە کە لە ماوەی ١٩٧٩ هەتاکوو ٢٠٠٩،  ٨٦٠ ژۆڕنالیست لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندیەوە کوژرا و ئێعدام کراون کە هۆکاری جۆراجۆریان وەک پڕۆپاگەندە دژی ڕێژیم، ئاسایشی وڵات، تەوهین بە ئیسلام، ڕێبەرانی دیکتاتۆری وەک خومەینی و خامنەیی دراوەتە پاڵ.

لە کۆتایشدا باسی قەیرانەکانی ئێران و داڕۆخانی و لاوازبوونی بە هۆی ئامریکا و دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە عێراق، کوردستان، سووریە، یەمەن کرا. پاشان باسی کۆنفڕانسی وەڕشو کە لە لایەن ئامریکاوە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکە و کاریگەریەکانی لە داهاتوودا ڕێکخراوە؛ کرا.

هەیئەتی سوسیال دێموکرات بە وردی گوێیان بۆ باسەکان و زانیاریەکان گرت و ڕوونکردنەویان لەسەر بارودۆخەکان دەدا و کۆمەڵێک پرسیاریان دەکرد کە بە وردی کێشەکانمان ڕوون دەکردەوە.

ئێمە وەک هەیئەتی حیزب داواکاریمان هەردەم ئەوەیە و ئەوە بوو کە سوسیال دێموکرات کێشەی کورد بخاتە کاری خۆیان و پرسەکە لە پارلمانی وڵاتی سوید و پارلمانی ئورووپا و تەنانەت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتۆی بکەن و کێشەی کورد زەق بکەنەوە و ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەکانمان بدۆزنەوە.

هەیئەتی سوسیال دێموکرات ڕایانگەیاند کە ئەوان لەگەڵ هەیئەتی ئێران ئەو کێشانە دەخەینە بەر باس و ڕەخنەیان لێ دەگرن وەک دەوڵەت نە هەر بۆ کێشەی کورد بەڵکوو کیشەی نەتەوەکانیتری لە ئێران وەک ئازەری، عەرەب، تورکمەن و بەلووچەکان. بەڵام دەبێ ئەم نەتەوانەش ئینستاتیڤیان بێ و بەیەکەوە هاوکاری بکەن و لەسەر خاڵی سەرەکی پێک بێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە کاتی هەلومەرج و ئاڵوگۆڕدا هاوکار و یەکگرتوو بن.

هەیئەتی سوسیال دێموکرات جەختیان کردەوە کە لە کاتی سەردانی هەیئەتی سوئێد بۆ ئیران لەگەڵ دەوڵەتی ئێران کێشەی مافی مرۆڤ، نەتەوەکان، مەزهەبە جیوازەکانی ئێران باس دەکەن و ڕەخنەیان لێ دەگرن. سەرەڕای ئەمانەش سوسیال دێموکرات هەردەم پاڵپشتی لە کورد کردووە و تەنانەت هاوکاریش بوون، بەڵام دەبێ کوردەکانیش بۆخۆیان یەکگرتووبن.