کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی ڕێکخراوی NOAS نۆروێژی سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد

15:25 - 10 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی ڕێکخراوی NOAS نۆروێژی کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و ئەرکی پێڕاگەیشتن بە کاری پەنابەرانە، بە سەرپەرستی Jon Ole Martinsen سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرستیی موحه‌ممد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی پێشوازییان لێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی ڕێکخراوی NOAS نۆروێژی کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و ئەرکی پێڕاگەیشتن بە کاری پەنابەرانە، بە سەرپەرستی Jon Ole Martinsen سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

لەو سەردانەدا، هەیئەتی نۆرویژی لەسەر دۆخی پەنابەرانی کوردی پارچەکانی کوردستان و ئاگاداربوون لە ڕەوشی پەنابەران و داکۆکی‌کردنیان لە مافەکانیان لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بەتایبەت لەگەڵ ئیدارەی کاروباری پەنابەران لە نۆروێژ باسیان کرد.

هەروەها لەو سەردانەدا لەسەر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و چۆنیەتی خەبات و تێکۆشان و شێوازی پشتگیری‌کردن لە ئەندامان و لایەنگرانیان، و سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک پرسیاریان لە موحەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی کرد.

دواتر موحەممەد نەزیف قادری، لەسەر هەرکام لەو باس و بابەتانە بەوردی و بەڵگەوە ڕوونکردنەوەی بە شاندی ڕێکخراوی NOASدا و لەسەر پرسیارەکانیان تەوزیحاتی دا.

لەو پێوەندییەدا موحەممەد نەزیف قادری، ئاماژەی بە سیاسەتی دژی ئینسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەردەوام بوونیان لەسەر سیاسەتی گوشار خستنەسەر چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و گرتن و ئازار و ئەشکەنجەدان و ئیعدام کردن و پێشێل کردنی ماڤی مرۆڤ لە تەواوی بوارەکاندا کرد و لەو بارەیەوە وەڵامی پێویستی دایەوە.

ناوبراو لە درێژەی ئەو سەردانەدا، بەتایبەت لەسەر سیاسەتی سەرکوت کردنی خەباتگێڕانی نەتەوەکانی ئێران و یەکێک لەوان تێکۆشەرانی گەلی کورد، و ژنانی ئازادیخواز و کەسایەتییە ئایینییەکان و بەتایبەت زۆرتر بوونی ڕێژەی ئیعدامەکان دوایی هاتنە سەر کاری حەسەن ڕووحانی قسەی کرد.

هیئەتی نۆروێژی لە کۆتایی ئەو سەردانەدا جەختیان کردەوە کە بە شێوەیەکی چڕوپڕتر لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە پێوەندیدا بن.

12732.jpg

12734.jpg