کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لەگەڵ حیزبی دێموکرات کۆ بوونەوە

12:11 - 17 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرەستیی دوکتور "ئیبراهیم برۆ"؛ سەردانی دەستەی کارگێری حیزبی دێموکراتیان کرد و باسیان لە دۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، هەیئەتێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرەستیی دوکتور ئیبراهیم برۆ، سەردانی دەستەی کارگێریی حیزبی دێموکراتیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات، بە سەرپەرەستیی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا، دوکتور "ئیبراهیم برۆ" ئامانج لە سەردانەکەیانی ئاڵوگۆڕی نەزەر لەسەر پرسی کورد و ئاگادارکردنەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان و پشتیوانی لە جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڕاندەوە.

ناوبراو باسێکی گشتی لە بواری نیزامی و ململانێی وڵاتانی ئامریکا، ڕووسیە، تورکیە، ئێران و ... لە سووریە و نەبوونی ئوپۆزیسیونێکی دێموکراتیک کە وڵامدەری ئاڵۆگۆڕی بنەڕەتی لە سووریە بێت، خستە بەر باس.

دوکتور ئیبراهیم لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە نایەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و نیگەرانیی خۆیانی لەسەر ڕەوشی ناسەقامگیری ناوچە کوردنشینەکان دەربڕی. ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بە دەوری خۆیان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە ڕۆژئاوا و شوێندانەرییان لە کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە له وڵاتانی ئورووپایی وعەرەبیدا کرد.

برۆ لەوبارەیەوە باسی لەوە کرد، لەو دانیشتنانەدا لەسەر مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد لە ڕەشنووسی دەستووری پێشنیاری بۆ سیستمی سیاسیی سووریە دوای بەشار ئەسەد و کۆسپەکانی ئاڵوگۆڕ لە سووریە؛ بەتایبەت پێکهاتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە کە ئێستایش عەقڵێەتی شوینیستی عەرەبی و ئیسلامی توندئاژۆی پێوە دیارە، گفتوگۆمان کردووە و ئەو کێشە و گرفتەشی خستە بەر نەزەری بەشدارانی کۆبوونەوە.

دوای  ئەوەیکە "ئیبراهیم برۆ" باسەکەی پێشکەش کرد، "مستەفا هیجری"  وێڕای سپاس بۆ ئەو ڕاپۆرتە بەپێزەی ئیبراهیم برۆ؛ لەسەر ڕەوشی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتی هاوبەشی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵەکانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بوێری و چاونەترسیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمەڵێک باسی خستە بەر باس.

 "هیجری" باسی لەوە کرد، گەمارۆکانی ئەم دواییەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و شوێندانەریی ئەو تەحریمانە لەسەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک، چوونەسەرووی نرخی شتومەک و ڕێژەی بێکاری، داماویی ڕێژیم لە دابینکردنی پێداویستییەکان و پەککەوتنی سیستمی ڕێژیم که لەگەڵی ڕووبەڕوو بووەتەوە؛ ڕێژیم هیچ چارەیەکی جگە لە تەسلیم بوون بە سیاسەتەکانی ئامریکا بۆ نەماوەتەوە و بە درێژەدان بە سیاسەتەکانی تەنیا کۆمەڵانی خەڵک زەرەرمەند دەکات.

هیجری لە کۆتایی باسەکەیدا وتی؛ ئێمە بە داهاتوووی خەباتەکەمان لە ئاستی بەرزی هۆشیاریی سیاسیی گەلەکەمان زۆر هیوادارین و گەلی کورد خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزن و لە بەرانبەر سیاسەتەکانی رێژیم نموونەی خۆڕاگرین.

 لە دوایی باسەکەدا بەشداران لەسەر ئەو باسە سیاسییە سەرنج و تێبینی خۆیانیان باس کرد.