کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وادە و بەڵێنییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەرزێڕانی بێزار کردووە

14:02 - 15 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: تەماتەکارانی کامیارانی چاوەڕوانی وەدیهاتنی بەڵێنیی پشتگیریکردن لە وەرزێڕانن بۆ فرۆشتنەوەی بەرهەمەکانیان و ڕەخنەیان لە بێکیفایەتیی بەرپرسانی جیهادی کشاوەرزی گرتووە.

بەپێی هەواڵی بڵاو کراوە لە ڕاگەیاندنەکانی خودی ڕێژیم، بەهۆی وادە و بەڵێنیی ناڕاستی بەرپرسانی "جیهادی کیشاوەرزی"، تەماتەکارانی کامیارانی بەهۆی نەکڕینەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بە نرخی گونجاو، تووشی زەرەر و زیان بوونە و بێزاریی خۆیان لەو دۆخە دەربڕیوە.

یەکێک لە وەرزێڕانی کامیارانی، نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت کێشەکانی بەردەم هەڵگرتنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان، بەتایبەت تەماتە دەربڕیوە و باسی لەوە کردووە: "تێچووی بەرهەمهێنانمان بە نیسبەت ساڵی پێشوو دوو ئەوەندەیە".

ئەو وەرزێڕە هەروەها وتوویەتی کە تێچووی دابینکردنی سەم و سیپەی تەماتەکان و حەقدەستی کرێکاران زیاتر بووەتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، دەڵاڵەکان هاتوونەتەوە نێو بازاڕەوە و بە ئیختیاری خۆیان و بە نرخی ژێر ٧٠٠ تمەن تەماتەی وەرزێڕان دەکڕنەوە.

"محەممەد بەهرامی"، وەرزێڕێکی دیکە لەوبارەوە ڕەخنەی توندی لە بەڵێنییە ناڕاستەکانی بەرپرسانی جیهادی کشاوەرزی و بەرپرسانی ڕێکخراوی "تەعاونی ڕووستایی" پارێزگای سنە، سەبارەت بە کڕینەوەی تەماتە بە نرخی ١١٥٠ تمەن گرتووە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "بڕیار بووە بۆ پشتگریکردن لە بەرهەمی وەرزێڕان، تەماتە بە نرخی ١١٥٠ تمەن بکڕدرێتەوە کە ئەو بەڵێنییە بوو بە خەون و کارخانەکان بە نرخی ٨٠٠ تمەن تەماتەکانیان دەکڕنەوە کە بووەتە هۆی زەرەر و زیان بۆ وەرزێڕان و دیاریش نییە کە کەی پارەکان بە خاوەن بەرهەمەکان دەدەنەوە".

ڕێژیم هەر ساڵە بە ناوی پشتگریکردن لە وەرزێڕان باس لە کڕینەوەی بەرهەمەکانیان بە نرخێکی دیریکراو دەکات کە هیچکات بەو نرخەی کە لە لایەن خۆیانەوە دیاری کراوە، بەرهەمەکانیان لێ ناکڕنەوە و وەرزێڕان تووشی زەرەر و زیان دەکەن.