کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وازهێنان لە خوێندن ڕووی لە زیادبوون کردووە

12:20 - 31 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی هەژاری و دۆخی نالەباری ئابووری، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ئێراندا پەرەی سەندووە.

"عەلیڕەزا کەمرئی"، جێگری فێرکاریی دواناوەندیی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، باسی لەوە کردوە کە لە قۆناغی دواناوەندیی یەکەمدا، ٣.٩ لەسەد لە کچان و ٤.٥٥ لەسەد لە کوڕان، وازیان لە خوێندن هێناوە.

بەپێی ئەم ئامارە، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە کوڕاندا لە سەرترە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، یەکێک لە هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندنی لە هەندێک لە پارێزگاکاندا بۆ سەر دۆخی فەرهەنگی گەڕاندووەتەوە.  

ئەوە لە حاڵێکدایە، بەهۆی گرانبوونی کەلوپەل و پێداویستییەکانی خوێندن و خراپبوونی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک، بەشێکی بەرچاوی بنەماڵەکان ناچار بوون پێش بە خوێندنی منداڵەکانیان بگرن.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، گرانی و بێکاری ژیانی بنەماڵەکانی لە ئێران و کوردستاندا بردووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە و هەر ئەم بارودۆخەش کاریگەریی نیگەتیڤی لەسەر دەروون و جەستەی قوتابی و خوێندکاران داناوە، بە جۆرێک کە بەشێکی بەرچاو لە قوتابییان ناچارن کە واز لە خوێندن بێنن و بە شوێن کاردا بگەڕێن.