کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وال‌ستریت‌ژورناڵ: لە گۆڕینی ڕێژیمی تاران مەترسن!

12:15 - 26 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی وال‌ستریت‌ژورناڵ لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی " لە گۆڕینی ڕێژیمی تاران مەترسن!"، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر دوایین ڕەوشی ئێران و داهاتووی ئەم وڵاتە بڵاو کردۆتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە مێژوویی – شڕۆڤەییە کە لەلایەن "ڕۆئێل مارک جێرکێت" کارناسی باڵای دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییەکان و "ڕێی تیکیە" کارناسی باڵای شۆرای پێوەندییە دەرەکییەکانی ئامریکا نووسراوە بە چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی هاوچەرخی ئێران، بارودۆخی هەنووکەیی ڕێژیمی تارانی لێک داوەتەوە و ئەگەرەکانی بەردەمی شڕۆڤە کردووە.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی تاران بەهۆی گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان گەلێک زۆرە. سیاسەتەکانی ترامپ بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی، چوونەدەری ئامریکا لە بەرجام و زیادکردنی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان دەتوانن ڕێگەخۆشکەر بن بۆ تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوخۆ و لەکۆتاییشدا ڕووخانی ئەم ڕێژیمە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە شۆڕشی مەشرووتە، ڕۆڵی موحەممەد موسەدیق، نەمانی ڕەزا شا، هاتنەسەرکاری موحەممەدڕەزاشا، نەمانی موحەممەدڕەزاشا، هاتنەسەرکاری خومەینی و شۆڕشی گەلانی ئێران، ڕووداوەکانی کوی زانکۆ، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ساڵی ٨٨ و لە کۆتاییدا ڕووداوەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ باس لە نەمانی متمانە و پێگەی خەڵکی بۆ ڕێژیمی ئێران کراوە و هاتووە: هەژاری لە ئێراندا شەپۆل دەدات؛ هەژاران دوایین قەڵای دەرخستنی هێزی ڕێژیم بوون کە هێشتا بە دەستەواژەی وەک ئیمان و خۆبەخشی بە ڕێژیمی دینییەوە پەیوەند درابوون، بەڵام هەنووکە ئەم توێژە بەرچاوەش درووشمی نەمانی ڕێژیم دەدەن.

نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆتاییدا دەڵێن: ئەوەیکە ئێستا گرینگە بوونی ئیرادەیەکی گشتگیرە لە ئێراندا کە دەیهەوێ خۆی لەژێر سەرەڕۆیی ئیسلامی و پاشایەتی ڕزگار بکات؛ تۆزێک تاقەت و دان بەخۆداگرتنی دەوێ؛ کۆشکی سپی دەبێ بزانێ کە دەبێ ڕێز بۆ ویستی خەڵکی ئێران لەهەمبەر دێموکراسی دابنێت و ئەم ویستەیان بەجیددی وەربگرێت.