کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەی یەکەمی ڕاسان، شەهید کاوە و شەهید سەرکەوت

19:44 - 19 پووشپەڕ 2716

ئارش ساڵح

ڕاسان قوتابخانەیێکی پڕ مانایە. پڕ مانا بەو واتایە کە وانەکانی بە بەرزترین مانا و باشترین شێوە بۆمان ئەڵێتەوە. شەهید کاوە و شەهید سەرکەوت مامۆستایانی یەکەمین وانەی قوتابخانەی ڕاسان بوون. یەکەمین وانەش وانەیێکە لە فەلسەفەی مێژوودا. شەهید کاوە و شەهید سەرکەوت دیسانەوە پێمانیان وتەوە کە لە مێژووددا ئەگەر بمانەوێ چارەنووسی نەتەوەکان پێوەندی بدەین بە هەندێک هۆکارەوە، دەتوانین هەموو ئەو هۆکارانە لە ژێر ناوی بڕیارە سەختەکان ناو بێنین. بۆیە هەموو کاتێک پێوەندیێک لە نێوان بڕیارە دژوارەکان و دەسکەوتە نەتەوایەتییەکان بەدی دەکرێت.

ئەمڕۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتۆتە ئاکامێک کە لە بەردەم بڕیارە دژوارەکاندایە. کە دەڵێین ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیارە ناچارین مەبەستمان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێت. ئەمە نە لەبەر ئەوەی من حیزبم خۆش دەوێ، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەم ماوەی چەند مانگەی ڕابردوودا بۆ هەموو کەس دەرکەوت کە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە پێکهێنانی جەرەیان لە ناو کوردستانی ئێران ڕۆڵێکی سەرەکییە. ئەمە ڕۆڵێکە کە وێڕای ڕێز بۆ فرەحیزبی و حیزبایەتی لە ئاکامی جایگاهێکە کە ئەو حیزبە هەیەتی.

ئەمە نەتەنیا فورمولێکە کە بنەمای نەزمی سیاسی لە کوردستانی ئێران پێک دێنێت، بەڵکوو ئاماژەیێکە بۆ ئەوەی کە ئەوە ئەرکی حیزبی دێموکراتە کە لەبەردەم بڕیارە دژوارەکانا ڕاوەستێت. هەر بۆیە شەهیدانی سەرکردەمان مامۆستا سەرکەوت و کاک کاوە بەو شەهیدبوونەی کە هەڵیان بژارد ویستیان لە یەکەمین وانەدا پوتانسیێل و توانایی بەدەنە و ڕێبەری حیزب بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بڕیارە دژوارەکاندا بەرنە سەرەوە.

لەم وانەیەدا مامۆستاکانمان هەندێ پرەنسیپی گشتیان بۆ ئێمە داڕشت کە لە چوارچێوەی ئەو پرەنسیپانە لە بەردەم بڕیارە دژوارەکانمانا ڕاوەستین.

یەکێک لەو پرەنسیپانە ئەوەیە کە بە هۆی ئەو ڕۆڵە بنەڕەتییەی کە حیزبی دێموکرات لە نەزمی سیاسی لە کوردستانی ئێران هەیەتی، ئەوە ئەرکی ئەو حیزبەیە کە هەنگاو بۆ ئەو بڕیارانە هەڵێنێت و بە کردەوەییان بکات. واتە نەتەنیا خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لەو بەشە لە کوردستان پێویستی بەوەیە کە حیزبی دیموکرات ئەو هەنگاوانە هەڵێنێت، بەڵکوو کولتووری فرەحیزبی و کارکرد و مانەوەی حیزبەکانی تری کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش پێوەندییان بەوەوە هەیە کە حیزبی دێموکرات ئەو بڕیارە دژوارانە بدات.

پرەنسیپێکی تر کە وانەی شەهیدانی سەرکردە پێمان دەڵێتەوە ئەوەیە کە، لەم قۆناغە مێژووییەدا گرینگتر لە مانەوەی تاک ، مانەوەی ڕێکخستنە و گرینگتر لە ڕێکخستن، ڕۆحی نەتەوەیە. ئەوان ئەو وانەیانە بۆ ئێمە وتۆتەوە کە لەم هەلومەرجەدا ڕاسان ئەگەر بە شەهید بوونی تاک بە تاکی ئێمە بووبێت، ئەوا ڕاسانی ڕۆحی نەتەوەییە و ڕاوەستانی دەرکردنی ئەو ڕۆحەیە لەو جەستەیەدا.

بۆیە ئەو پرەنسیپەمان پێویستە هەموو کات لەبەر چاو بێت کە ئەگەرچی ئازاری بڕیارە دژوارەکان گەورترینە، بەڵام ئەمە لە سروشتی ئەو بڕیارانە سەرچاوە دەگرێت و بە هۆی ڕۆڵە مێژووییەکەیانەوەیە کە وایە. بۆ وێنە ئێمەی تاکەکانی کورد کە لەم سەردەمە دەژین دوو بژاردەمان هەیە، یەکەمیان پەنا بۆ عەقڵی ئەبزاری و حەسابگەر بردنە و دانیشتن و بە هیوای گۆڕانکاری بوونە کە ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی کە نەنگی مێژوویی کوشتنی حیزب و نەتەوەکەمان وەئەستۆ دەگرین، یان پەنا بردنە بۆ عەقڵی شۆڕشگێڕ و چێشتنی ئازاری بڕیارە دژوارەکە و بەردەوام کردنی ڕاسانە.

ئەو شەهیدانە دیسانە وانەکەی شەهیدانی شۆڕشی ٤٦ یان بۆمان دووپات کردەوە کە ئەگەر ئەو شەهیدانە تەسلیمی عەقڵی بەهێزی ئەبزاری و مەنتێقی حەسابگەر بوونایا، ئێستا کورد لە کوردستانی ئێراندا بە تەواوی توابووەوە و لە ڕۆحی نەتەوایەتی داماڵڕابوو.

بۆیە زۆر ڕوونە کە لەبەردەم بڕیارێکی دژوارداین، بڕیارێکی پڕ لە ژان و ئێش.

بڕیارێک کە تەنیا گرێدراوی ژیانی خۆمان نیە کە بە ئاسانی بەرپرسایەتییەکەی وەئەستۆ بگرین و مەرگی خۆمان لە باوەش بگرین، بەڵکوو بڕیارێکە کە پێوەندی بە ژیانی هەموومان و مان و نەمانی نەتەوەکەمانەوە هەیە. بۆیە ئەو وانەیە کە ئەو شەهیدانە لە بەردەم ئەو قۆناغە سەختە بۆمان دووپات دەکەنەوە ئەوەیە کە؛ ئەگەر تاک بە تاکی ئێمە یەک لە دوای یەک لە سەر خاکی کوردستان خوێنمان بڕژێت و دوا نارۆنجکی حیزبی دێموکرات بە دەستی دوا پێشمەرگەی بە سەر خۆی دا بتەقێندرێتەوە و بەو شێوە ڕۆح بە جەستەی برینداری ئەو نەتەوە بکرێتەوە، ئەوە زۆر باشترە لەوەی تاک و ڕێکخستن و پێکهاتەیێکمان بۆ بمێنێتەوە کە شەرمەزاری مێژووی گەلێکی لەخاچ‌دراو بێت.

لە کۆتایی‌دا دەمەوێ سەرەتاکەی ئەم وتارە بنووسم کە هێشتمەوە بۆ کۆتایی. ئەویش ئەوەیە کە لە ساتی بینینی هەواڵی شەهید بوونی کاوە و سەرکەوتدا، تا ئەو کاتەی کە توانیم یەکەم کاردانەوەم بۆی هەبێت و تا ئەو کاتەی کە توانیم هەستمەوە سەر پێ، چەند کاتژمێری خایاند. بە تەواوەتی وەکوو جەستەیێکی بێ ڕۆح بووم و هیلاک. چرکە بە چرکەی سەنگەرەکەیان لەو ساتەدا ئەبوو بە یەک کاتژمێری من و دەمخوێندەوە و بە فرمێسک دەمشۆردەوە. هەتا ئەو کاتەی کە لە یەکێک لە دووپاتبوونەوەی ئەو چرکانەدا لێوە بە بزەکانی کاوە پێمی وت؛ ئەوە وانەی ژیان و مەرگی شۆڕشگێڕییە. ئەو وانەیە کە منی هەستاندەوە سەر پێ و هەر ئەو وانەشە کە نەتەوەکەم هەڵدەستێنێتەوە سەر پێ. ئێستا ئیتر ئەو بزە تۆزاویانە نەتەنیا خەمگینم ناکەن، بەڵکوو قیبلەنمایێکن بۆم کە ڕێگاکەمی پێ دەدۆزمەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە