کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوبربانکی ئوتریش لە ئێران کشایەوە

13:27 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، لە درێژەی کشانەوەی بانک و کومپانیا دەرەکییەکان لە ئێراندا، ئوبربانکی ئوتریش گرێبەستەکانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵوەشاندەوە.

ئوبربانکی ئوتریش، کە لە مانگی سپتامبر، گرێبەستێکی بۆ سەرمایەدانان لە ئیراندا واژۆ کردبوو، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جوزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە، کە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا و ڕیسکی چالاکیی ئابووری لە ئێراندا، گرێبەستەکە هەڵدەوەشێنێت و لە ئێران دەکشێتەوە.

ئوبربانک، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ڕایگەیاندووە: بۆ پاراستنی سەرمایەی موشتەرییەکانیان و هەڕەشەی گەمارۆوەکانی ئامریکا لە وڵاتە ئوروپاییەکان، پەیوەندی ئابوورییەکانمان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕادەگرین و پرۆژەکانمان لە ئێراندا سڕ دەکەین.

دوای کشانەوە ئامریکا لە بەرجام، زۆرینەی وڵاتان پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و تەنانەت وڵاتە ئوروپاییەکان کە بە بەرجام پێبەندن، لە دوای هەڕەشەی ئامریکا لە بانکەکان و کومپانیا ئوروپاییەکان لە پیوەندی لەگەڵ هاوکاریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنن.