کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش میوانداریی دامەزراوەی ڕێوشوێنە تایبەتە ماڵییەکانی ئورووپا ناکات

11:22 - 23 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وڵاتی ئوتریش میوانداریی دامەزراوەی ڕێوشوێنە تایبەتە ماڵییەکانی ئورووپا ناکات، کە بڕیار بوو لە پێوەندیی لەگەڵ کاروباری مالێی ڕێژیمی ئێران کۆ ببنەوە.

وڵاتی ئوتریش ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر ڕایگەیاندووە، میوانداریی دامەزراوەی ڕێوشوێنە تایبەتە ماڵییەکانی ئورووپا ناکات، کە بڕیارە بە مەبەستی دروستکردنی پێوەندییە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران لە قۆناغی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا کۆ ببنەوە.

پیتێر گووشلباوئێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوتریش، لەم بارەوە وتوویەتی: دەوڵەتی ئوتریش پاش تاوتوێکردنی جیدی ئەم بابەتە بەو ئاکامە گەیشتووە، کە لەم کاتدا لە هەڵومەرجێکدا نییە کە میوانداریی ئەم دامەزراوەیە بکات.

پیشتریش ئاژانسی بلۆمبۆرگ ڕایگەیاندبوو، کە لۆگزامبۆرگ و بلژیکیش، پێش ئوتریش پێشنیاری میوانداریی ئەم دامەزراوەیانە ڕەت کردووەتەوە.

دامەزراوەی ڕێوشوێنە تایبەتە ماڵییەکانی ئورووپا، پاش ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتتنامەی بەرجام لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ کشایەوە و گەمارۆوەکانی دیسان وەگەڕ خستەوە، لە لایەن یەکیەتیی ئورووپا لە پێوەندیی لەگەڵ بازرگانیی وڵاتانی ئورووپایی و ئێران دامەزرا.

هەتا ئێستە ئەم ڕێوشوێنە ڕوون نییە کە لە چ ڕێکەوتێکەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام سێ وڵاتی بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان، لە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر بە شێوەی سمبۆلیک ڕایانگەیاند، کە ئەم بەرنامەیە دەستی پێ کردووە.

عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە پێوەندیی لەگەڵ وەدواکەوتنی دامەزرانی ڕێوشوێنی تایبەتە ماڵییەکانی ئورووپا و بەکردەییکردنی باسی لە زاڵبوونی دۆلار و سیستمی ماڵیی ئامریکا بەسەر دامەزراوە ئورووپایییەکان و ئاڵۆزبوونی ئەم ڕێوشوێنە کردووە.

ڕێژیمێک کە چل ساڵە بە مەبەستی هەناردەکردنی بیرۆکەی دژەمرۆڤانەی خۆی لە ژێر ناوی هەناردەکردنی ئینقلاب لە وڵاتانی ناوچە و تەنانەت وڵاتانی دووریش دەستێوەردان دەکات، لە جیاتی گۆڕینی سیاسەتەکانی خۆی پەنای بۆ وڵاتانی ئوورووپایی بردووە، کە تەنیا قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان دەبینن.