کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی ماڵپەڕی \"كوردستان میدیا\" لەگەڵ \"فواد خاكی‌بەیگی\" سكرتێری گشتیی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

15:58 - 18 رەشەمه 2711

وتووێژی ماڵپەڕی كوردستانمیدیا لەگەل فوئاد خاكیبەیگی سكرتێری گشتیی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

مژاری وتووێژ: خولی نۆیەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی رێژیمی ئێران.
چوارچێوەی باس: رۆڵی لاوانی وڵات و یەكیەتیی لاوان لە تەحریمی چالاكی هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی ئێران.
چەند رۆژێكی دیكە نۆیەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی رێژیمی ئێران بەرێوە دەچێت. ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە تەحریم كراوە، كە یەك لەوان یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە و باس لە تەحریمی چالاك دەكات.

ك/میدیا: لە رەوتی هەر رووداوێكی گرینگی هەر وڵاتێكدا چاوەڕوانییەكی تایبەتی لە رۆڵی گرینگی توێژی لاو دەكرێ. لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنی مەجلیسی رێژیمی ئێراندا لە دوو لایەوە هیوا بە هێزی لاوان بەستراوە، لەلایەك ئۆپۆزیسیۆن بۆ چالاكتر كردنی تەحریم و لەلایەكی دیكەوشەوە رێژیم بە زەخت و گوشار هێنان بۆ هێزی لاوان دەیهەوێ لە بەرژەوەندیی خۆیدا كەڵكیان لێ وەربگرێ. لەو نێوەدا ئەزموونی ئێوە وەك لەمێژینەترین رێكخراوی لاوانی كورد چیتان پێ دەڵێ، كە لاوانی ئێران بەگشتی و لاوانی كوردستان بە تایبەتی بە كام لادا دەشكێنەوە؟

ف. خاكی بەیگی:
ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنج و تێڕامانە، كە بەرێزتان لەسەر كاریگەری توێژی لاو بە جوانی لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێكرد، دەگەڕێتەوە بۆ دوو لایەنی سەرەكی كە توێژی لاوان كاریگەری بنەڕەتی لە كۆمەڵگای ئێران دادەنێن لەلایەك لاوان لە زۆر بوارەوە هێزی سەرەكی و داینەمۆی گۆڕانكارین و لەلایەكی دیكەوە زۆربەی حەشیمەتی ئێران لاوان پێكی دەهێننن، بەو پێیە ئێران وڵاتێكی لاوە، لاوان دەتوانن لە هەر توێژێكی دیكەی كۆمەڵگا زیاتر شوێندانەرتر بن، بۆیە بە باوەڕی ئێمە هێزی لاوان زۆرتر بەلای هەلوێستی ئۆپۆزیسیۆن كە بایكوتی هەڵبژاردنی كردووە، دەشكێتەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی نیزیك بە تەواوی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوە و بەشێكی بەرچاو لە كەسایەتیە خۆشناو و دژبەرانی رێژیم لە ناوخۆش لە بەرەی تەحریم دان. راستییەكی حاشاهەلنەگرە كە بیر و ئەندێشەی سەدە ناوەڕاستی ولایەتی فەفقیە هیچكات لەگەڵ هزر و ئەندێشەی مودێڕن و سەردەمیانەی لاوانی ئەم سەردەمەدا نایەتەوە.

ك/ میدیا:
بایكوتی هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی ئێران لەلایەن یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە چ باندوورێكی لەسەر تەحریمی چالاكی ئەو هەڵبژاردنە دەبێت؟

ف. خاكی بەیگی: یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران وەك یەكێك لەو رێكخراوانەی كە باوەڕێكی قووڵی بە ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریی كۆمەلایەتی هەیە، لەلایەن لاوانی ئازادیخوازی ئێران بەگشتی و لاوانی شۆڕشگێڕی كورد بەتایبەتی هەڵوێستەكانی بە هێند وەردەگیرێن، بۆیە بە باوەڕی ئێمە تەحریمی هەڵبژاردن لەلایەن یەكیەتیی لاوانەوە دتوانێ بەپێی هێز و توانای رێكخراوەكە و نفوزی لەنێو لاواندا شوێندار بێ و بەو پێەش كە كۆنترین رێكخراوی تایبەت بە توێژی لاوانە و لە ماوەی زیار لە 65ساڵ خەبات و تێكۆشانیدا لە بەرەی ئازادیخوازی و مرۆڤ تەوەریدا بووە، لەلایەن لاوانەوە هەڵوێستەكانی بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە راستای دەستەبەر كردنی مافەكانیان وەسف دەكرێت.

ك/میدیا:
لە كاتێكدا كە تەنیا چەند رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی مەجلیس ماوە، دوایین هەوڵ چالاكیتان لە راستای تەحریمی ئەو هەڵبژاردنەدا بریتین لە چی؟
ف. خاكی بەیگی: یەكیەتیی لاوان لە راستای تەحریمی ئەو هەڵبژاردنەدا لەم چەند رۆژەی دوایش ئەم هەنگاوانەی بەرێوە بردوەە و بەرێوەی دەبات: سەرەتا هاوڕێ لەگەڵ یەكیەتیی ژنان و یەكیەتیی خوێندكاران بایكوتی هەڵبژاردنمان كرد دوابەدوای ئەوە بە بڵاوكردنەوە ئەو راگەیاندنە لە كوردستان و ئێران و دەرەوەی وڵات هەوڵی زیاتری رەوشەنگەریمان داوە، پاشان لە رێگای ئەندامان و دۆستانی یەكیەتی لاوان هەوڵ دەدەین لە ناوخۆی وڵات لاوان زیاتر گاریگەرییان هەبێ بۆ نەچوونی خەڵك بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان و پاشان بەردەوام لە رێگای راگەیاندنەكانی یەكیەتیی لاوانەوە( سایت و گۆڤار و رادیۆ) هەوڵ دەدەین لەو راستایەدا كاری باش بكەین.