کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەگەڵ ئازاد موسلم، چالاکی سیاسیی کورد

13:54 - 25 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ئازاد موسلم چالاکی سیاسیی شاری سەقز لەو باوەڕە دایە، سەرەڕای زەخت و گوشاری هێزەکانی رێژیم بۆسەر چالاکانی کورد، هەستی نیشتمانپەروەری و کورد بوون بەسەر هەموو ئەو گوشارانەدا زاڵە و لە چالاکی کردن بەردەوامن.
ماڵپەڕی کوردستان میدیا بۆ زیاتر خستنە بەرباسی دۆخی چالاکانی سیاسیی کورد لە کوردستانی ئێران، وتووێژێکی لەگەڵ ئازاد موسلم چالاکی سیاسی و خوێندکاری کورد پێکهێنا.


کوردستان میدیا:
بارودۆخی چالاکانی سیاسی لە کوردستانی ئێران بە چ شێوازێکە؟
ئازاد موسلم: سەبارەت بە بارودۆخی چالاکانی سیاسی لە کوردستان، باس و لێکدانەوەی هەمەلایەنەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، مێژوویی و ... هتد دەخوازێ و لەمەڕ کەمیی کات بە کورتی دەتوانم بلێم لەگەڵ هەموو زەخت و زۆر و زەبری حکوومەتی سێدارە، هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی زاڵ و بەرچاوە و تەنیا لە بۆشایی یەکڕیزیی ماڵی کوردە کە راپەڕینی جەماوەری نەهاتۆتە ئارا و ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر لێکدانەوە و ناسینی ئەمری واقیع لەلایەن لێهاتوان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و لە دەست دانی ئەم هەلە هەستیارە کەلە جیهان و ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، رزگاریی گەلی کوردی وە پاش دەکەوێت.


کوردستان میدیا:
بۆ چی رێژیمی ئێران ئەو زەخت و گوشارانەی خستۆتە سەر چالاکانی سیاسیی کورد؟


ئازاد موسلم:
لەوەی کە دەفەرموون بۆچی حکوومەت گوشاری خستووەتە سەر چالاکوانانی سیاسی، وەک ئەوە وایە بفەرمووی بۆچی کوردن؟! بەڕێزان چالاکیی سیاسی لەهەر نەتەوەیەک بە مانای چینی رووناکبیر و وریای ئەو نەتەوەیەیە و بەپێی رادەی زانست و هەلومەرجی تایبەت، هەوڵی گۆڕان و گەشەی کۆمەڵگاکەیەتی و بە درێژایی مێژوو بۆ ئەم ئامانجە قوربانیی داوە، هەتا لە دەست زاڵمان و داگیرکەران رزگاری بێت و ئێوەی بەڕێزیش باشتر لە من ئاگاداری مێژوویی خوێناوی گەلی کورد هەن و ئەو گوشارانەش بەردەوام لە ئارا دایە و دەبێ بە هوشیاری و زانست و هەست بە واقیعەکانی کۆمەڵگا لە هەوڵی پووچەڵ کردنەوەی پلانی شوومی داگیرکەران بین.


کوردستان میدیا:
ئەو چالاکە سیاسییە کوردانە، هەتا چەندە توانیویانە دەنگی نەتەوەکەیان بە بیروڕای گشتیی رابگەینن؟
ئازاد موسلم: لە بابەتی گەیاندنی دەنگ بە بیروڕای گشتی، دەبێ سەری کڕنۆش بۆ نەمران و شەهیدانی کوردستان دابنەوێنین کە بە فیدا کردنی گیانیان درێژەدەری شۆڕش و رێخوشکەری چالاکوانیی سیاسی بوون و بە خۆشحاڵییەوە رای گشتی بە هەست و پێستەوە لە دەنگی کورد، لە تاکە نەتەوەیەکی پتر لە ٥٠ میلیۆنی بێ وڵات تێگەیشتووە و دانیان پێدا ناوین. بە کوردی، داری ئازادی بە خوێن ئاو دراوە و چرۆی کردووە و هاتۆتە ئەوەی چۆن و بە چ شێوازێک خاوەنداریەتی بکرێ و دەبێ‌ کورد بۆ خۆی پێداگری بێت و ئەو ئەرکە بە جێ بێنێت.
کوردستان میدیا: ئایا ئاماری ئەوەتان هەیە کە چەند زیندانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی رێژیمی ئیسلامیدا هەن؟
ئازاد موسلم: سەبارەت بە ئاماری بەندکراونی کورد، دەتوانم بە راشکاوییەوە بڵێم سەرجەم کوردانی کوردستانی ئێران بەند کراون، کاتی مافی مرۆڤ مانای نەبێ، کاتێک هیچ یاسا و رێسایەکی گەشەی کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارێکەوە لە ئارادا نەبێ، مانای بەند کرانی بێ دەرگایە و بە داخەوە بە هۆکاری درندەیی حکوومەتی سێدارە و پابەند نەبوون بە هیچ یاسایەک و بەردەوام بوونی هێرشی دڕندانە و گرتن و حەبس کردن رێژەی بەند کراوان زۆر سانا نییە و لە لایەکی دیکەشەوە بە داخەوە کورد بەهوی فکرگەلی جیاوازی سیاسی و لێک دابران هەتا ئێستا نەیانتوانیوە لیژنەیەکی سەربەخۆ، داکۆکی لە بەند کراوانی کورد پێک بێنن و هەمو چین و توێژی کۆمەڵگا و لایەنە سیاسییەکان بەشدار و پاڵپشت بن.


کوردستان میدیا:
ئەو زەخت و گوشارانەی کە بووە هۆی ئەوەی کە ئێوە وڵات بەجێ‌ بهێڵێن چی بوو؟
ئازاد موسلم: سەبارەت بە زەخت و گوشاری سەرخۆم، وەک ئاماژەم پێ کرد کۆمەلگا لە دەست دڕندەیی حکوومەت دەناڵێنێ و منیش بە دوور لەوە نەبووم و بۆ پاراستنی بەڕێزانی ناخۆی وڵات ناتوانم زۆری شی بکەمەوە، بەڵام دەبێ بە ویژدانەوە دان بەوەدا بنێم کە رێژەی گوشارەکان لەسەر چالاکوانان ئەوەندە زۆرە کە ئەژمار کردنی کارێکی ئاسان نییە.


کوردستان میدیا:
ئەو چالاکانەی کە وڵات بەجێ‌ دەهێڵێن و پەڕیوەی وڵاتانی دیکە دەبەن هەتا چەندە دەتوانن وەکوو پێشوو کاریگەرییان لەسەر خەڵکی کوردستاندا هەبێت؟


ئازاد موسلم:
ئەو چالاکوانانەی کە پەڕیوەی هەندەران دەبن و ئەوەی من بینیومە و هەستم پێی کردووە و مێژووی ئەم بەڕێزانە دەیخاتە بەرچاو، ئەگەر راستگوایانە و بە ویژدانەوە بدوێن. لێکدانەوەی باسێکی ئاکادیمی و دوور و درێژی دەوێت. بەڵام بە کورتی لە چەند بڕگەدا خۆ دەبینێتەوە.
ـ ئەو بەڕێزانە سەرجەم بە بارێک لە مەینەتی، چەوسانەوە، بێ رێزی و بێ مافی و شەڕ و کوشتار و ئاڵۆزی هاتوونەتە دەرەوە و ئەوە هەتا هێور بوونەوەیان پێویستی بە کاتە.
ـ رادەی زانست و پلان و بەرنامەی بۆ داهاتوو و هەڵ بۆ دەرخستنی خۆی، دەتوانێ‌ رۆڵی هەبێ.
ـ نەبوونی بنەمایەکی دیاری کراوی یەک فیکری لە کوردستان بۆتە هۆی لێکدابڕانی کەسانی سیاسی، بەڵام ئەو جیاوازییە لە هەندەران بۆتە هۆکارێک بۆ یەکڕیزی و یەک دەنگی کورد، بەڵام بەگشتی بوونی دونیای مەجازی و پێوەندی بەردەوام لەگەڵ ناوخۆی وڵات ئەو هەلەی بۆ چالاکانی سیاسی رەخساندووە کە بە وردی لە خەم و ئازاری یەکتر ئاگادار بن.
ئازاد موسلم: سپاسی بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا دەکەم بۆ ئاوڕدانەوە و وتووێژ کردنتان.
کوردستان میدیا: سپاس بۆ قبووڵ کردنی جەنابتان بۆ ئەم وتووێژه.
*ئازاد موسلم لە دایک بووی ساڵی ١٣٦٣ و خەڵکی شاری سەقزە.
ــ بۆ ماوەی چەندین ساڵ چالاکی سیاسیی هەبووە
ــ خوێندنی کارناسیی لە بواری مێعماری لە ئێران تەواو کردووە و دواتریش بۆ درێژەدان بە خوێندن چۆتە وڵاتی هێندوستان و کارناسی باڵای خوێندووە
ــ ئازاد لەلایەن دادگای ئیتقلابی رێژیمەوە لە شاری سەقز بە ٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری بێ‌ ئامادە بوونی خۆی حوکم دراوە و هەنووکە لە وڵاتی نوروێژ نیشتەجێ‌یە