کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەگەڵ ئەندامانی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان

21:39 - 17 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی کوردستان میدیا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان وتووێژی لەگەڵ ئیلهام چایچی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، هێرۆ جڵدیانی جێگری بەرپرسی یەکیەتیی ژنان و رۆژین بەهرامی ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەو یەکیەتییە پێک‌هێنا.
سەرەتای سەدەی بیستەم ژنان لە وڵاتانی پیشەیی بە وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر کەم لە حەقدەستەکەیان و نەبوونی ئاسانکاری لەمەڕ پێشکەوتنی ئەو توێژەی کۆمەڵگا، بارودۆخێک هاتە پێشەوە کە ژنانی خستەسەر رێچکەی بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازی و ئەمەش بووە هۆی رەخساندنی هەلێک هەتا چەمکی رۆژی جیهانیی ژنانی هێنایە ئاراوە.

رۆڵی ژنانی کرێکاریش لەم بزووتنەوەیەدا کەم رەنگ نییە و رۆژی ٨ی مارس وەکوو رۆژی جیهانیی ژنان بەبۆنەی خۆپیشاندانی ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنینی نیۆیۆرکی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٧ی زایینی دیاری کرا.
ژنانی ئێران و کوردستان بەتایبەتی خاوەن ئەزموون و مێژووی خەباتی تایبەت بە خۆیانن. لە کوردستاندا ژنان بەهۆی هەبوونی ستەمی نەتەوەیی و کولتووری و ئابووری، چەندقات زێدەتر لە ژنانی جیهان دەچەوسێنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە خەباتی ژنان لە کوردستاندا بگرە چەند قات‌تر ئەستەم و دژوارتر دەکاتەوە.

بۆ تاوتوێ کردنی ئەو پرسە وتووێژمان لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە کۆن‌ترین رێکخراوەی سازماندراوی کوردستانە و سەردەمی کۆماری دێمۆکراتێکی کوردستاندا دامەزراوە، پێک هێناوە.

3935.jpg
ئیلهام چایچی


كوردستان میدیا: زۆر جار گوێ‌بیستی ئەوە دەبین كە دەڵێن، دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ ئەو وشە جوانانەن كە بەپێی بەرژوەندییەكان هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكرێ‌ولە دونیای مۆدێڕنیشدا سەری هەڵداوە بەڵام زیاتر پێاوان رۆڵیان تێدا بینیوە هەر بۆیە ژنان لە بواری دێمۆكراسی و مافی مرۆڤەوە پشت گوێ‌خراون، رای بەڕێزتان چیە؟

ئیلهام چایچی:
ئەم بیرۆكەیە هەتا رادەیەك دروستە، بە هۆی‌بەشدار نەبوونی‌ژنان لە پرۆسەی‌بە ‎دێمۆكراسی بوون و دابین‎كردنی‌مافی‌مروڤ، لە زۆر بوارەوە بێ‌بەش كراون و لەگەڵ بێ‌عەداڵەتی جینسی‌بەرەوڕوو بوون. مێژوویەك كەلە سەر چەوسانەوە و زەوت كردنی‌مافی‌ژنان دامەزرابێ‌و دێموكراسییەك كە نەتوانێ‌مافی‌نیوەی‌كۆمەڵگا بپارێزێت، ناتوانین بڵێن ئەمە دێمۆكراسییەكی‌دروست و راستەقینەیە. بۆیە دێمۆكراسی‌كاتێك مانا پەیدا دەكات كە هەموو شارومە‌ندانی‌كۆمەڵگا لە مافی‌بەرامبەر و تاكەكان لە ئازادی بەرخوردار بن و ژن و پیاو بە شێوەی‌بەرامبەر خۆیان ببیننەوە.

بۆ نمووونە دێمۆكراسیی‌راستەقینە، كۆمەڵگای‌مەدەنی‌هان دەدات و یارمەتی‌دەكات بۆ دامەزراندنی‌رێكخراوەكانی‌مەدەنی و NGOـەکان، ژنانیش دەتوانن لە رێگای‌ئەم رێكخراو و پێكهاتانە بۆ رێكخستن و نەهادینە كردنی‌دێمۆكراسی‌گەشە بكەن و ژنانی‌كورد بۆ وەدیهاتنی‌ئامانج و داخوازییەكانی‌خۆیان تێبكۆشن.

3932.jpg
هێرۆ جڵدیانی


کوردستان میدیا: کۆمەڵگای نەریتنی و ئایینیی کوردستان، هەتا چەندە زیان، یان قازانجی بۆ بزووتنەوەی ژنان و بەشداریی ئەو توێژە لەو بزووتنەوەیەدا هەبووە و دیاردەی خۆ کوژی هەتا چەندە پێوەندی بەو مەسەلەیەوە هەیە؟

هێرۆ جڵدیانی:
ئایین و دینەكان لە قۆناغی جۆراوجۆری ژیانی مرۆڤدا پێكهاتوون وهەر یەك یاسا و شێوە و رێبازێكی تایبەتی بە خۆی هەبووە، هەر بەم بۆنەشەوە شێوەی هەڵسوكەوتەكانیش لەگەڵ ژنان جیاوازی هەبووە. ئەو جیاوازیانەن كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و بزووتنەی ژنان بۆ رزگاری لە ژێر نەریت و یاسا دواكەوتووەكانەوە. ئەم رەوتە هەتا ئێستاش بەردەوامە. ئەوە ئەركی بزووتنەوەی ژنانە كە دەبێت هاوسەنگی لە نێوان نەریت و ئایینەكان لەگەڵ رەوتی سەردەم پێك بێنێت.

بزووتنەوەی ژنان لە كوردستانیش قۆناغی جۆراوجۆری تێپەڕاندووە و ناوی زۆربەی لەو ژنانە لە مێژووی كوردەواریدا تۆمار كراوە كە خەباتیان كردووە بەدژی نەریت و یاسا و بەربەستە ئایینی و كۆمەڵایەتێیەكاندا، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان ژن و پیاو لە كۆمەڵگادا سەرەڕای هەموو جیاوازییەكان بە بەردەوامی ستەمی زیاتر لە ژن كراوە. (ژن بەژنە، گەورە بەچووكە، دوو ژن بە شاهیدێك دانان، میرات، بەرخوێن دان، لەسەر پشتی لانك مارە كردن، پێشكەشی، تەڵاقی یەكلایەنە، دەستدرێژیی جینسی، فرە ژنی، لێدان، لە گۆشەی ماڵدا مانەوەوە و ...هتد) دەیان هۆی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و هەریەك لەوانە رادەی خۆكوژیشی لە نێو ژناندا زیاد كردووە.

3933.jpg
رۆژین بەهرامی


کوردستان میدیا: زۆر جار دەنگۆی ئەوە هەیە کە ژنانی فمینیست، یان یەکسانیخواز کە خوازیاری نەهێشتنی توندوتیژی لەدژی ژنانن، بە دژبەری پیاوان دادەنرێن،ئێوە راتان لەو بارەیەوە چییە؟

رۆژین بەهرامی: لە راستیدا ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بیری ئەو پیاوانەی كە نایانهەوێ‌بیر و هزری خۆیان لەگەڵ پێشكەوتن و پێشەڤەچوونەكانی دونیای مۆدێڕن و ئەوڕۆیی بگونجێنن و پێویستە بگۆترێ‌هیچ ژنێكی فمینیست نە تەنیا دژی پیاوان نییە بەڵكوو باوەڕی تەواوی بە بنەماكانی یەكسانی و ئازادی و دێمۆكراسی هەیە و بەردەوامیش بۆ بەدەست هێنانی ئەو چەمكانە كاری كردووە و هەوڵی داوە و لە هەوڵەكانیشیان بۆ چەسپاندنی ئەو بنەمایانە بەردەوامن.