کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی‌گۆڤاری‌ \'\'واڵاپرێس\'\' ژمارە ٦٦ مستەفا هیجری (بەشی چوارەم)

21:30 - 5 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وتووێژیکی لەگەڵ گۆڤاری واڵاپرێس پێکهێناوە کە بەم شێوەیە لە ژمارە ٦٦ی ئەو گۆڤارەدا بڵاو بووەتەوە.
واڵاپرێس: پێتان وایە حیزبی ئێوە نوێنەرایەتیی ئەوانیش دەکات لەهەر حاڵێکدا؟

هيجرى: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات خۆمان بە هەڵگری ئاڵای‌بەرگری‌لە هەموو ویست و داخوازەکانی‌گەلی‌کورد لە کوردستانی‌ئێران دەزانین بە هەموو باوەڕە ئایینییەکانییەوە لەنێو حیزبی دێموکراتیشدا هەموو ئەوانە رەنگیان داوەتەوە و وجوودیان هەیە، ناڵێم ئێمە نوێنەری هەموو کوردین لە کوردستانی ئێراندا، بەڵام ئەو بیر و بۆچوونە جیاوازە ئایینی و زمانییانە لەنێو حیزبی دێموکراتدا رەنگیان داوەتەوە و حیزبی دێموکرات پێکهاتەیەکە لە هەموو ئەوانە.
واڵاپرێس: لە چەند رۆژی رابردوودا کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانی رۆژهەڵات راگەیاندنێکی داوە و پێم وایە راگەیاندنەکەی تا رادەیەکی زۆر مەنتقییە، سەبارەت بە کۆنگرەی نەتەوەیی لە یەکێک لە خاڵەکانیدا دەڵێت پێویستە سەرۆکایەتیی کۆنگرە بە دەوریی بێت، هیچ کەس بۆی نەبێت لە دوو دەورە زیاتر خۆی کاندید بکات و کەس نەتوانێت قۆرخکاری بکات، ئێوە لەگەڵ ئەم بۆچوونەن یان ئەڵتەرناتیڤێکتان هەیە یا پێویستە سەرۆکایەتیی کۆنگرە چۆن بێت کەلە ئێستادا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە رەنگە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان ئەو کۆنگرەیە بێت، واتە ئێوە دەتانەوێت ئەو سەرۆکایەتییە چۆن بێت دەوری بێت بە هەڵبژاردن بێت ئەڵتەرناتیڤتان چییە بۆ ئەو قسانە؟

هيجرى: راستییەکەی تا ئێستا لە کۆنگرەی نەتەوەییدا کاری ئامادەکاری کە دەکرێت تا ئێستا هیچ باسێک لەوەی کە سەرۆک کێ بێت یان سەرۆک چۆن دیاری بکرێت تا ئێستا باس نەکراوە، بێ‌گومان ئەو مەسەلەیە لە کاتی‌پێکهاتنی کۆنگرە لەکاتی خۆیدا دێتە بەرباس و باسی لەسەر دەکرێت، دەبێت گوێ بگرین لە هەموو لایەنەکان بزانین قسەکان چین، ئەوەی بە قازانجی گشتی بێت دەبێت ئەو کارە بکەین. من پێم وایە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنگرە لە شێوەی‌سەرۆکایەتی‌بێ‌، مەبەستم ئەوەیە ئەنجومەنێکی‌رێبەرایەتیی‌هەبێ‌.
واڵاپرێس: ئەگەر کۆنگرەیەک، سەرۆکایەتییەکەی دێموکراتی بێت باشتر نییە، دەورەیەک تۆ بی دەورەیەک بارزانی بێت؟

هيجرى: ئەگەر رێبەرایەتییەکە جەمعی‌بێ‌رەنگە زۆر گرفتی‌سەرۆکایەتی‌چارەسەر بکا.
واڵاپرێس : مەبەستت چییە، پێت وایە کەس موخالیفی ئەو بۆچوونە بێت؟

هيجرى: تا باسەکە نەیەتە پێشێ نازانین، رەنگە کەسانێک هەبن کە بۆچوونی وایان نەبێت، بەڵام دەبێت گوێ بگرین بزانین دەلیلەکانی ئەوان چییە، واتا ناکرێت لە ئێستاوە بڵێین دەبێت حەتمەن وا بێت.
واڵاپرێس: دەکرێت کەسێک بۆ هەمیشە سەرۆکایەتی ئەو کۆنگرەیە بکات؟

هيجرى: بۆ هەمیشە نا، بۆ هەمیشە ئێمە باوەڕمان بەسەرۆکایەتیی هیچ کەسێک نییە، لە هیچ کۆمەڵگایەکدا، لەهیچ حیزبێکدا، پێمان وایە دەبێت بەشێوەیەک بێت کە گونجاو بێت لەگەڵ ئوسوڵی دێموکراتیدا.
واڵاپرێس: ئەو گونجانە دێموکراسیە، ئەو ئوسووڵە چییە لای تۆ؟

هيجرى: ئەو گونجانە دێموکراسییە دەتوانێت رێگاچارەی تەوافوقی هەبێت، هەموو پێکەوە باس بکەن، قازانج و زەرەرەکانی لێک بدەنەوە، ئەوەی کە کێ سەرۆک بێت یان کێ هەڵبژێرێت دوای ئەوە ئەگەر بە تەوافق نەگەشتن دەبێت دەنگدان بێت.
واڵاپرێس : ئەگەر هەر شەش مانگ بەدەست یەکێک لەو نوێنەرانی ئەو پارچانەوە بێت کارێکی باشتر نییە؟

هيجرى: بەڕاستی زۆر بەرتەسککردنەوەی ماوەکەی‌لە شەش مانگدا بڕێک بە نەگونجاو دەزانم، چونکە هیچ کەس ناتوانێت لە شەش مانگدا بەرنامەیەکی هەبێت بیباتە پێشێ و شتێک بکات، بەڵام ئەوەی کە دەوری بێت پێم خراپ نییە، جا دەورەکە ساڵێک بێت، دوو ساڵ بێت ئەوە جێگای قسە لێ کردنە.
واڵاپرێس: لە سەروبەندی ئەم کۆنگرەیە هەست بە نزیک بوونەوەیەک دەکرێت تا رادەیەک، واتا بەشێک لەوانەی کە چاودێری بارودۆخی هەر دوو حیزبی دێموکرات دەکەن، پێیان وایە نزیکبوونەوەیەک هەیە هەم لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان، مستەفا هیجری و هەم خالیدی عەزیزی ئەم دەرئەنجامە رەنگدانەوەی تازەی کۆنگرەیە یان ئەو هەوڵانەیە کە تۆ باست کرد یان دیسان باس لەوە دەکرێت کە پارتی لە هەوڵێکی میانگیری تازەیە لەنێوان ئێوە لەنێوان تۆ و خالیدی عەزیزی کامیانە؟

هيجرى: من سەرەتا عەرزم کردیت کە ئەو لێک نزیک بوونەوەی‌ئێمە لەگەڵ کاک خالیدی عەزیزی هەروەها لەگەڵ کۆمەڵەکان شتێک نییە کە لەو کۆنگرە دەستی پێ کردبێت، زەمینەی زۆر پێشتر ئامادە کرابوو، بۆیە بە ئاسانی ئێمە دەتوانین پێکەوە دابنیشین ئەگەر ئەو زەمینە ئامادە نەکرابایە پێشتر هەروا بەئاسانی نەدەکرا، بۆیە ئێمە ئەو سیاسەتە درێژە پێدەدەین و تائێستاش لەگەڵ ئەوەی هەم پارتی هەم یەکیەتی ‌و زۆر دۆستی دیکەی ئێمەی کورد لەهەموو بەشەکاندا هاوسۆزی خۆیان نیشان داوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین یەک بگرینەوە و ببینەوە یەک هێز، بەڵام ئەو نزیک بوونەوەیە لەژێر تەئسیری هیچ لایەنێکدا نییە، ئێمە بۆ خۆمان هەستمان بەوە کردووە کە کاتی ئەوە هاتووە، دەستمان پێ کردووە و بەخۆشییەوە چووینەتە پێشێ و لە داهاتووشدا ئەوە هەر درێژە پێ دەدەین.
واڵاپرێس: ئەمە دووەم جارە حیزبی دێموکرات ئینشیعابی تێ دەکەوێت، دەورەی پێشوو؟

هيجرى: نەخێر سێیەم جارە، لانی کەم دوای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی سێیەم جارە، جاری یەکەم لەدوای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی جاری دووەم بە ناوی‌رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ جیابوونەوەیەک روو بدا، دوایە ئەوان لەگەڵ حیزب یەکیان گرتەوە.
واڵاپرێس : کێ بوون ئەوانە؟

هيجرى: ئەوانەی‌لە دوای‌هاتنە سەرکاری‌رێژیمی‌کۆماری‌ئیسلامی‌لە حیزبی دێموکرات جودا بوونەوە ناویان نرا دەستەی حەوت کەسی، چونکە لە رێبەرایەتی حیزبدا حەوت کەس بوون، دیارە جەمعێکی دیکەش لە گەنجەکانیان دواکەوتن، بە بۆچوونی من ئەو جیابوونەوەیە دەبوایە ببوایە، چونکە ئەو بۆچوونەی ئەوان هەیان بوو لەگەڵ ئێمە نەدەگونجا، بەڵام بەدوای ئەودا دوو جیابوونەوەی دیکەش بوو.
واڵاپرێس: جیابوونەوەی ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێموکراتی کوردستان؟

هيجرى: بەڵێ.

واڵاپرێس: قسەکە ئەوەیە کە ئێوە مێژوویەکی تاڵتان هەیە واتا پێتان وایە ئەگەر لە حاڵەتێکدا زەمینەی دانوستان و یەکگرتنەوەش بکرێت مەترسییەک نییە جارێکی کە لەسەر ئینشیقاقی تر؟

هيجرى: بەڵی‌ئێمە ئەو مەترسییەمان هەیە، نیگەرانین کە ئەگەر یەک بگرینەوە دوای یەکگرتنەوەکە زەمینەی جودا بوونەوەیەکی دیکە نایەتە پێشەوە وەکوو ئەوەی کە ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ کردیان؟ بۆیە لەو بارەوە بڕێک بەحسابی وردترەوە دەچینە پێشێ بۆ ئەوەی دەمانەوێت بگەینە ئەو جێگایەی کە ئەو نیگەرانیەمان لا نەمێنێت ئەو دەمی یەک بگرینەوە.
واڵاپرێس : باشە ئەگەر قەرار بێت یەک بگرنەوە، ناوی حیزبەکەتان چی دەبێت؟

هيجرى: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
واڵاپرێس: تەلەفیزیۆنەکەتان بەناوی چی دەمێنێتەوە؟

هيجرى: تیشک
واڵاپرێس :کێ سکرتێری ئەو حیزبە دەبێت؟

هيجرى: دەبێت هەڵبژێرێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ.
واڵاپرێس: جەریدەکەشتان ناگۆڕن؟

هيجرى: نا مومکینە جەریدە بگۆڕین، تەنانەت ئەوەی باست کرد تلوزیونی‌\'\'تیشک\'\'یش ئەوە نیە لە سەر ئەوەی کێشەمان هەبێت، رەنگە رۆژێک ناوی ئەوە بگۆڕین، بەڵام بە بۆچوونی من تا ئێستا لەو هەلومەرجە سیاسییەدا ئێمە بە قازانج نازانین کە حیزبەکەمان حیزبی دێموکراتی کوردستان بێ‌، بەڵام ئەوەش ماوەتەوە بەبڕیاری کۆنگرەکە، کۆنگرەی حیزبی دێموکرات دەتوانێ‌کە بڕیارێکی دیکە بدات من و هەموو خەڵکی دیکە پەیڕەوی لێ دەکەین.
واڵاپرێس: ئەگەر کۆنگرە بڕیاری دا خالید عەزیز سکرتێر بێت تۆ ئیلتیزامی پێوە دەکەیت؟

هيجرى: ئەگەر کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا؟ بەڵێ حەتمەن دەیکەم هیچ ئەملاو لای تێدا نییە.
واڵاپرێس: یان حاسڵت کردووە کە ئەم دەورەیەش هەر سکرتێر دەبیت، – دەورەی یەکگرتنەوە؟

هيجرى: نازانم، بەستراوەتەوە بە رەئی کۆنگرە، بەڵام پێم خۆشە ئەوەی لێرەدا بڵێم کە کێشەی من لەگەڵ ئەوان مەسەلەی سکرتێری نییە و ئەوە هەرگیز نایەتە بەرباس و نابێتە کێشە بۆ من لە هەڵوێستەکانماندا.
واڵاپرێس: ئەی کێشەتان چی بوو پێشتر بۆچی جیابوونەوە؟

هيجرى: کێشەی ئێمە نەبوو، کێشەی ئەوان بوو، ئەوان جیا بوونەوە ئەوان لە کۆنگرەیەکدا کە بۆ خۆیان تێیدا بەشداربوون ڕەئیان داوە لە حاڵێکدا بۆ خۆیان لە ئەکسەریەتدا بوون و بۆ خۆیان بەرنامەکانی کۆنگرەیان ڕێکخستووە، بەڵام ئاکامەکەی چونکە بە دڵی ئەوان نەبوو جودا بوونەوە.
واڵاپرێس: باشە فاکتەرێکی وا گرنگ هەبوو جیا ببنەوە یان ئێستا فاکتەرایەکی گرنگ هەیە یەک بگرنەوە؟

هيجرى: فاکتەری‌ئاوا گرنگ کە ئەوان جودا ببنەوە من نایبینم، بەڵام باشترە لەوان پرسی بزانی ئەوان جوابیان چیە بۆ ئەو مەسەلەیە، بەو حاڵەش ئێستا ئەگەر یەک بگرینەوە بەهێزتر دەبین.
واڵاپرێس: ئێوە لەگەڵ عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە دانیشتنێکتان کردووە لەوبارەیەوە ئەو هەلومەرجەتان خستووەتە بەرباس دوو بەدوو؟

هيجرى: ئێمە لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا لەو سەردانەدا کە من کردوومە بۆ لای ئەو برادەرانە لەگەڵیان دانیشتووم، لەگەڵیان قسەمان کردووە، بەڵام بۆ خۆت دەزانی ئێستا مامۆستا بە فەرمی‌وەکوو ئەندامی رێبەرایەتی نەماوە، راستە رەنگە گوێ لە قسەکانی بگرن، بەڵام بە شێوە فەرمی‌بڕیاردەری دیکەیان هەیە کە رێبەرایەتی هەڵبژێراویانە.
واڵاپرێس: پێت وانییە ئێستا ئەو بڕیاردەرە؟

هيجرى: بێجگە لەوی‌بڕیاردەری‌دیکەشیان هەیە.
واڵاپرێس: پێت وانییە کەسێکی یەکلاکەرەوە بێت؟

هيجرى: ناتوانم بڵێم یەکلاکەرەوەیە، بەڵام شوێندانەریی‌زۆری‌هەیە.
واڵاپرێس : مانای وایە کە تۆ وا هەست دەکەیت مامۆستا عەبدوڵڵا تەهیدی ئەم یەکگرتنەوەیە ناکات؟

هيجرى: تا ئێستا لە نووسین و هەڵوێستەکانیدا جددیم نەدیوە بۆ یەکگرتنەوە.
واڵاپرێس: ئەمەش مەترسییەکە لەسەر یەک نەگرتنەوە؟

هيجرى: بەڵێ.
واڵاپرێس: لەهەر حاڵدا ئەگەر قەرار بێت یەک بگرنەوە چەند کادرێک لە دەرەوە بمێننەوە مانای وایە ئێوە هیچتان نەکرد ئەگەر چەن کەسێکیش بن؟

هيجرى: بەڵێ وایە، راستە ئەگەر یەکگرتنەوە بێت دەبێت یەکگرتنەوەیەک بێت وەکوو دوای ئەوەی رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ لە کۆنگرەی نۆدا یەکمان گرتەوە بەهەموویەوە یەکمان گرتەوە، دەنا ئەگەر لەگەڵ جەمعێک یەک بگرینەوە جەمعێکی دیکە بە هەر هۆیەک ناڕازی‌بمێننەوە کێشەکە چارەسەر نابێت.
واڵاپرێس : لای کۆمەڵەکان محاوەلەیەکی وا هەیە ئێوە چاو لەوان دەکەن یان ئەوان چاو لەئێوە دەکەن کە خۆیان کۆبکەنەوە، وە ئەم خۆکۆکردنەوەی ئێوە و ئەوانیش لەلایەنی نەتەوەییەوە هێشتا دوو هێزی سەرسەخت و منافسی یەکترن هەرکامتان دەتانەوێت خۆتان تەقویە و بەهێز بکەن لە داهاتووی ئێراندا دەور و رۆڵ و سیاسەتی رەنگڕێژتری باشترتان هەبێت؟

هيجرى: ئەوەی کە ئێمە چاو لەوان بکەین، نا ئێمە چاو لەوان ناکەین، وەکوو عەرزم کردی ئێمە بەقەناعەتەوە بە لێکدانەوەوە گەیشتووینەتە ئەو سیاسەتە کە دەبێت لەیەک نزیک بینەوە چ لەگەڵ لایەنی کەلە حیزبی دێموکرات جودا بوونەوە چ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی وەکوو کۆمەڵە، بەڵام ئەوەی کە منافەسە دەبێت و هەرکەسە دەیەوێت جێ پێی خۆی قایمتر بکات خەڵکێکی زۆر بەدوای خۆیدا کۆ بکاتەوە شتێکی زۆر تەبیعییە هەموو حیزبێک مافی خۆیەتی لە رێگەی دێموکراتیک و لە رێگەی دروستەوە بتوانێت ئەو کارە بکات، ئەوە بە حەقی هەموو کەسێک و هەموو حیزبێک دەزانم.
واڵاپرێس: ئەمەلێکت هەیە لەم نزیکانە یان مدەتێکی زەمەنیم پێ دەڵێیت کە دوو حیزبی دێموکرات یەک بگرنەوە؟

هيجرى: کاتەکەی ناتوانم دیاری بکەم، بەڵام ئێمە پڕۆسەکە لەلایەن خۆمانەوە درێژە پێ دەدەین تا ئەو کاتەی کە بگەین بەو قەناعەتەی کە یەکگرتنەوەکە نابێتە هۆی جودا بوونەوەیەکی دیکە، ئەو کات بڕیار دەدەین بۆ یەکگرتنەوە.
واڵاپرێس: گلەیەکتان لێ دەکرێت لە ئێوە، لە کۆمەڵەکان، کە جیا بوونەوەکانتان زیاتر لەسەر پۆست و پلە و پارە و بەرژەوەندییە، ئێوە جیاوازییەکی فکری و ئایدۆلۆژیتان نییە؟

هيجرى:نا، بە بۆچوونی من لانی کەم نێوان ئێمە و کاک خالید و ئەوان هیچ جیاوازییەکی بیر و بۆچوونی فکری بەو شکڵەی کە ببێتە هۆی جودا بوونەوە نیمانە، نە ئەو دەمی بوومانە، نە ئێستا هەمانە.


واڵاپرێس: جیاوازیەکی فکریتان نییە، گلەیی ئەوەتان لەسەرە کە زۆرتر بەرژەوەندی و دەسەڵات بوو؟

هيجرى: بەڵێ، راستە بەرژەوەندی و دەسەڵات چونکە ئەو لایەنەی جودا دەبێتەوە ئەگەر مەسەلەی‌جیاوازی‌مەسەلەیەکی گرنگی سیاسی نەبێت بێجگە لە مەسەلەی پۆست و مەنسەب هیچی تری تێدا بەستە نیە ئەوەی ئێستا من بۆ مێژوو دەڵێم ئەگەر لە کۆنگرەی ١٣ی ئێمەدا ئاڵوگۆڕێک لە رێبەرایەتیی ‌‌‌‌حیزبدا نەهاتبێتە پێشێ، ئەو لایەنە جودا نەدەبونەوە، بەڵام هەندێک لەوانە هەڵنەبژێردرانەوە، بۆیە جودا بوونەوە.
واڵاپرێس :مەبەست ‌‌عەبدوڵڵا حەسەن زادەیە؟

هيجرى: تەنیا ئەو نەبوو
واڵاپرێس: واتا پێت وایە ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە ئەوان بیانبردایەوە ئەم ئینشیقاقە رووی نەدەدا؟

هيجرى:سەد لە سەد رووی‌نەدەدا.
واڵاپرێس: ئەی بۆ نەتکرد بۆ خاتری ئەوەی ئینشیقاق نەبێت؟

هيجرى: باشە ئەوە نەتیجەی کۆنگرە بوو ئەوە سازان نەبوو، رەنگە من بۆ خۆشم پێشبینی ئەوەم نەکردبێت، بەڵام کۆنگرە لە نوێنەرانی ئەو حیزبە لە بەدەنە هەڵدەبژێرێت پێک دێت، وەک عەرزم کردی ئەوان ئەو دەمی لە رێبەرایەتیی حیزب ئەکسەریەت بوون بەرنامەی کاری کۆنگرە و بەڕێوەبردنی کۆنگرە لەژێر چاودێریی ئەوان بەڕێوەچوو، بۆیە راپۆرتی‌کۆمیتەی‌ناوەندی‌بۆ کۆنگرە پەسند کرا، ئەوان وەک باقی‌نوێنەران مەشرووعیەتی‌کۆنگرەیان پەسند کرد پێشبینی ئەوە نەدەکرا ئەوان لە ئەکسەریەت نەمێنن بێجگە لەوە لە رێبەرایەتی حیزبدا شتێک نەبوو کەلە نێوان من و ئەوان بێت تاکوو پێکەوە لەسەری‌بسازێین.
واڵاپرێس: کاک مستەفا ماڵپەڕێکی تورک دەڵێت هەردوو دێموکرات (6000) هەزار پێشمەرگەیان ناردووە بۆ پشتیوانی کوردەکانی سووریە، دەزانم ئەڵێی ئەمە ڕاست نیە و دیعایەی تورکیایە؟
هيجرى: بەڵێ دیعایەی‌ئەو ماڵپەڕەیە.
واڵاپرێس : بەڵام ئەگەر کوردەکانی رۆژئاوا پێویست بکات ئێوە ئامادەن بۆ هاوکاریەکی وا؟

هيجرى: ئەگەر کوردی رۆژئاوا بەعام داوابکەن ئێمە چی لەدەستمان بێت لەخزمەتیان داین.
واڵاپرێس: بەڵام ئەگەر پەیەدە داوا بکات نایکەن؟

هيجرى: هیچ حیزبێک، نەک پەیەدە، هیچ کامیان بە تەنیا، داوا بکەن نایکەین.
واڵاپرێس: کاک مستەفا لەسەر ئەم خەبەرەی بڵاوکراوەتەوە لەسایتەکان چەند کۆمێنتێک هەیە ئەو کۆمێنتانە هیوادارم وەک دەڵێن بە رۆحێکی ریازی و پیاوێکی دێموکرات جوابی بدەیتەوە، یەکێک لەو کۆمێنتانە دەڵێت تورکەکان دوو نوقتە زیادیان داناوە لەو شەش هەزارە، واتە شەست کەستان ناردووە، و تا ئێوە خاوەنی شەش هەزار کەس نین؟

هيجرى: لە هەلومەرجێکی ئاوادا گرنگ نییە شەست کەس یان شەش هەزار کەس یان شەست کەس بنێرین بۆ یارمەتی‌لایەنێکی‌کوردی‌، موهیم هەڵوێستی سیاسییە لەو کاتەدا، بۆیە من ئەو کۆمێنتە نەک پێی ناڕەحەت نیم، بەڵکوو پێم وایە ئەگەر شەست کەسیش بنێرین بۆ خۆی هەڵوێستێکی سیاسییە، بەڵام خەبەرەکە لە بنەڕەتدا ناڕاستە.
واڵاپرێس :کۆمێنتێکی تریان دەڵێت دێموکراتییەکان خاوەنی ئەرکێکی وا نیشتیمانی نین تا پێی هەستن؟

هيجرى: قسە ئازادە هەر کەس دەیکات، ئەگەر دێموکرات خاوەنی هەستی نەتەوەیی نەبێت کە ئێستا شەست و چەن ساڵە لەو رێگەیەدا خەبات دەکات ئەو هەموو پێشمەرگە و سەرکردە و ئەندامەی شەهید بووە، نازانم کێی دیکەیە کە دەتوانێ‌زیاتر لە حیزبی‌دێموکرات هەڵگری ئەو ئەرکە نیشتمانییە بێت؟
واڵاپرێس: کۆمێنتێکی تر دەڵێت ئەگەر حیزبی دێموکرات و مستەفا هیجری ئەمەیان کردووە، ئەی ئەوەی لە چی کەلە تەلەفیزێنی رووداو بە پەیەدە دەڵێت دیکتاتۆرە تۆ شتێکی وات وتووە بە پەیەدە؟

هيجرى: جا ئەوە چی بەسەرچیەوەیە، ئێمە ئەگەر یارمەتییەکمان نارد بۆ لایەنێک هەقمان نیە پێی بڵێین دیکتاتۆرە واتا دەبێت زمانمان ببەستین، دیارە من نەموتووە دیکتاتۆرە، بەڵام من ئەو رەخنەیەم هەبووە لەسەر کوردستانی خۆرئاوا کە پێکەوە ناسازێین لەحاڵێکدا کە ئێستا ئەو کوردستانە لەژێر فشار دایە، بەڵام هەموو لایەنەکان ناتوانن پێکەوە هێزەکانیان کۆبکەنەوە لەسەریەک و بچن لەوێدا دیفاع بکەن رەخنەکەش دەگەڕێتەوە بۆ پەیەدە، خۆ پەیەدە خۆشی‌ئەو راستییەی‌نەشاوردوەتەوە کە ئیزن بە لایەنەکانی‌دیکە نادا بەشداری‌شەڕی‌بەرگری‌لە خاک و وڵاتەکە خۆیان بکەن.
واڵاپرێس: کۆمێنتێکی تر دەڵێت پەکەکە و پژاک دەڵێن دێموکرات ئۆردوگانشینە، ئەگەر ئۆردوگانشینە بۆ داوای هاوکاریت لێ دەکەن؟

درێژەی هەیە ...