کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژە نوێیەکانی ئامریکا و هیندوستان لەسەر نەوتی ئێران

11:03 - 21 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە هەموو شێوەیەک بۆ وەگەڕخرانەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران کەڵک وەردەگرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە، بابەتی کڕینی سامانەی پەدافەندی ئاسمانیی ئس ـ ٤٠٠ی ڕووسیە و درێژەی هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە لایەن هیندوستانەوە "بەکەڵک" نییە و دەوڵەتی ئامریکا بە وردی ئەو دوو بابەتە تاوتوێ دەکات.

هێدێر نائۆرت، لە وڵامی ئەگەری چاوپۆشیکردن لە کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن هێندێ وڵاتەوە، وتوویەتی: واشنگتۆن و دانڵد ترامپ، ئەو پەیامەیان بە هەموو وڵاتان داوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر جێبەجێکردنی گەمارۆوەکان سوورە.

لەم بارەوە وەزیری نەوتی ئێران بیژەن زەنگەنە وتوویەتی: هیچ وڵاتێک ناتوانێت کەمیی نەوتی ئێران قەرەبوو بکاتەوە، ناوبراو چوونەسەرەوەی نرخی نەوتی بە باشترین بەڵگە بۆ ئەم قسەیەی زانی.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەزبەر، ڕۆژنامەی "مینەت" لە زاری بەرپرسانی هیندوستانەوە باسی لەوە کردووە، کە سەرۆکوەزیرانی هیند، "نارندرا موودی" بڕیارە لەسەر چۆنیەتی هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە ژێر سێبەری گەمارۆوەکانی ئامریکا لەگەڵ بەرپرسانی هیندوستان کۆ ببێتەوە و ڕاوێژیان لەگەڵ بکات، کاناڵ هەواڵیی "سی‌ئن‌بی‌سیـ"ـش، لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی ئابووریی هیندوستان وتوویەتی: هیندوستان هێشتا ڕێگەی دانی پارەی بە ڕێژیمی ئێران نەدۆزیوەتەوە.

هیندوستان یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئێرانە، کە زیاتر لە ٨٠ لەسەدی نەوتی خۆی لە ئێران دابین دەکات، ڕێژیمی ئێرانیش کە لە هەموو بارێکەوە کەوتووەتەوە ژێر گوشارەوە، بۆ دەربازبوون لە بازنەی گەمارۆوەکانی ئامریکا، پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بۆ هیندوستان و مامەڵە نەوتییەکانی بە پارەی هیندوستان، ڕووسیە و ئێران بەستووە.