کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی سەرکۆماریی ئەفغانستان دژەکردەوەی بەرانبەر بە قسەکانی زەریف نیشان دا

20:10 - 20 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی سەرکۆماریی دەوڵەتی ئەفغانستان، بە توندی دژکردەوەی بەرانبەر بە قسەکانی جەواد زەریف و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، نیشان دا.

شاهـ حوسێن مورتەزەوەی، یەکێک لە وتەبێژانی سەرکۆماریی دەوڵەتی ئەفغانستان، بە توندی دژکردەوەی بەرانبەر بە قسەکانی "جەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و سەرجەم دەستێوەردانە سیاسیی و سەربازییەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە، نیشان دا.

جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ "ئێن دی تیڤیـ"ـی وڵاتی هێندووستان، بە پاڵپشتییەکی ئاژاوەگێڕانە لە گرووپی تاڵەبان، وتوویەتی؛ ئاستەمە کە تاڵەبان لە حکوومەتی داهاتووی ئەفغانستاندا ڕۆڵی نەبێت.

شاهـ حوسێن مورتەزەوەی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە، لە سەر قسەکانی "زەریف" دژکردەوەیەکی توندی نیشان دا و لە لاپەڕەی فەسیبووکی خۆی نووسیویەتی: کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەم ڕۆژانەدا ڕۆڵی وتەبێژی تاڵەبانیان هەیە، ئەگەر وڵاتی جیران بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی کێشەکان باوەڕمەندە بە وتووێژ، بۆچی لەم ڕێگاچارەیە بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی ناوخۆیی خۆیان کەڵک وەرناگرن.

وتەبێژی سەرکۆماریی دەوڵەتی ئەفغانستان لە درێژەی پۆستە فەیسبووکییەکەیدا نووسیویەتی، ڕێژیمی ئێران لە باتی بیستنی دەنگی ناڕازی تاڵەبان، دەبێت دەنگی ناڕازی جیابیران و دژبەرانی سیاسیی خۆی ببیستێت، حکوومەتی ئێران ترسی لەوە هەیە کە ئازادییەکانی وڵاتی ئەفغانستان ببێتە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ ئێران.

هەروەها قسەکانی جەواد زەریف، دژکردەوەی چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستانیشی لێکەوتەوە و لەمبارەیەوە، "مونیرە یووسفزادە" ڕۆژنامەنووسی ئەفغان لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی، دژکردەوەکەی شاهـ حوسێن مورتەزەوەی بەرانبەر بە قسەکانی جەواد زەریف، وڵامێکی ددانشکێن بوو بۆ جیرانێک کە تەنیا سێبەری ئازاری بە سەر ئێمەدا بڵاو کردووەتەوە.