کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورانیۆمی ٤.٥ لەسەدیی پیتێندراوی ئێران، گەیشتە ٣٧٠ کیلۆگرەم

19:22 - 22 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە هەڵکشانی ڕێژەی ئورانیۆمی پاشەکەوتی ٤.٥ لەسەدیی ئەو ڕێژیمەی بۆ ٣٧٠ کیلۆگرەم، کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، "بێهرووز کەماڵوەندی"، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، وتوویەتی: "ئێستا ڕێژەی ئورانیۆمی پاشەکەوتکراوی ٤.٥ لەسەدیمان، نزیکەی ٦٠ تا ٧٠ کیلۆ زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆیە".

"کەماڵوەندی" هەروەها وتوویەتی کە سووتەمەنیی وزەخانەیی پێویستی ئێران، ٤.٢ لەسەدە، بەڵام ئێران تا ئاستی ٤.٥ لەسەدیی ئورانیۆمی پیتێندراو ڕۆیشتووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەردەوام بە قسە و بە کردەوە، باس لە پێشێلکردنی بەرجام دەکەن و ئەو پێشێلکارییەیان، بە بردنەسەرەوەی خەستیی پیتاندنی ئورانیۆم و هەروەها بردنە سەرەوەی ڕێژەی ئورانیۆمی پاشەکەوتکراو سەلماندووە.