کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا دژی ڕێژیمی ئێران گەمارۆی ئابووری پەسند دەکات

12:06 - 11 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵ دان کە دوای پەسندکردنی خولی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا، تەحریمی نوێ دژی ئەو ڕێژیمه پەسند بکەن.

ڕۆژنامەی "والستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵ دان ڕۆژی ١٩ی نوامبر چەند ڕۆژ دوای پەسندکردنی خولی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، تەحریمی نوێ دژی ئەو ڕێژیمه پەسند بکەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته، ئەو بڕیارەی وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا دوای ئەوە دێت کە ڕێژیمی ئێران ویستی لە وڵاتی دانمارک کردەوەیەکی تێرۆریستی ئەنجام بدات بەڵام بە ئاکام نەگەیشت.

ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئورووپا باس لەوە دەکات بە بەرجام پابەند دەبین و بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان ڕێوشوێنی تایبەت دەگرینە بەر.

چەند ڕۆژ پێش وەزیرانی دەرەوەی سوئید، نوروێژ، فەنلاند، ئیسلەند و دانمارک لە دیدارێکی ٥ قۆڵیدا ڕایانگەیاند: "ئێمە بە نیگەرانییەوە سەرنجی زانیارییەکانی وڵاتی دانمارک دەدەین، کە لەسەر پیلانی کوشتنی دژبەرێکی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن کەسێکی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە ڕاگەیەنداروە و لەم قۆناغەدا هاوپێوەندیی خۆمان لەگەڵ دۆستان و هاوپەیمانەکانی دانمارک ڕادەگەینین.

پاش ئەوەیکە لێپرسراوانی ئەمنی دانمارک ڕایانگەیاند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران،  بەتەمای ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لەم وڵاتە بووە ئاندرێس سامۆئێلسۆن وەزیری دەرەوەی دانمارک ڕایگەیاند کە وێڕای بانگهێشتی باڵوێزی ئێران، باڵوێزی خۆیان لە تارانیشیان بانگهێشت کردووەتەوە.

ئەمە چەندەمین جارە کە ڕێژیمی ئێران لە خاکی ئۆرووپادا هەوڵی ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لەم چەشنە دەدات کە بەرچاوترینیان تێرۆری ڤییەن و تێرۆری میکۆنۆس بووە کە بەداخەوە لە هەر دووکیاندا سەرکەوتوو بوو و تێیدا دوو ڕێبەری گەورەی گەلی کورد شەهید کران.