کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشە و یاریکردن لەگەڵیدا

17:22 - 26 پووشپەڕ 2719

بێهزاد قادری

هەر لە مێژەوە کەڵکوەرگرتن لە وشەکان، لە لایەن کەسانی لێهاتووەوە، باو بووە. چ بە شێعر بۆ ئەوەی دڵی دڵدارەکەیان خۆش بکەن، چ نووسەرێک بیهەوێت قسەی خۆی بەسەر بەردەنگەکانیدا بسەپێنێت، چ بە سیاسەت بۆ ئەوەی لە شوێنێکدا خۆیان جێ بکەنەوە و چ بۆ شەڕ، بۆ ئەوەی بیر و مێشکی لایەنی بەرانبەر ئاڵۆز بکەن و دواتر باشتر پێوەی بدەن و لە شکستی نزیکتر بکەنەوە. یاریکردن بە وشەکان، وەک میراتێک بۆ ئێمە بەجێ ماوە، بەڵام ئامرازەکانی بەکاربردنیشیان گۆڕاوە و زۆربەمان لەگەڵ ئەم ئامرازانە ئاشناین، بەڵام ڕەنگە بیرمان لەوە نەکردبێتەوە کە وەک چەکێک بەکاری بهێنین، یان ڕەنگە بە کاڵ و کرچی بەکارمان بردبێت.

لە سەردەمی پڕ لە ململانێی ئێستاشدا، وشەکان هەمیشە دیاریی دەکەن کە چ ڕووداوگەلێکی گەورە و مێژوویی ڕوو بدەن. هەمووان چاویان لە زاری "ترامپـ"ـە، یان ئەو وشەیەی کە لە تویتێکیدا تایپی دەکات. یان چاویان لە ڕاگەیاندنە کاریگەرەکانە، کە وشە و ڕستەکانیان چی دەڵێت. بە واتایەکی تر، ئەوانەی کە زیرەکترن، باشتر وشەکان بۆ پێشکەوتنی خۆیان و چزدان لە بەرانبەرەکەیان بەکار دەهێنن.

ئێمەیش وەک حیزبێکی شوێندانەر و وێڕای ئەوەی چاوی زۆرینەی گەل لە ڕۆژهەڵات و لە هەمبەردا، دوژمنیشمان کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، ئێمەی لەژێر چاوەدێریدایە، دەبێ هەم وشەکانی بەرامبەرمان کە هی دوژمنمانە بناسین و فامی بکەین، هەم ئەو وشانەی لەگەڵمانە و هەم ئەو وشانەی کە لە زار و پێنووسمان دادەکەوێت. شێوەی بەکاربردنی یەک وشە، دەتوانێت دوو ڕۆڵ بگێڕێت: "تۆ و هاوشانت بەهێز بکات، لایەنی بەرامبەرت لاواز بکات". لاوازیشی نەکات، وەک وایرۆسێک دەتوانێت ئاڵۆزی بکات و ناچاری بکات کە هەڵوێست و کردەوەیەکی هەڵە بکات، ئەویش لە قازانجی تۆدا.

وشەکان، لە ئامرازە سەرەکییەکانی شەڕی دەروونییە. بە بەکاربردنی گونجاو و زیرەکانەی وشەکانە کە بەردەنگ دەکەوێتە ژێر کاریگەری و ئامانجی عەمەلییاتی دەروونی. دەروونناسیی زمان و ئەندێشەش، لەسەر "پڕۆسەی گۆڕانکاریی زمان و ڕۆڵی گوتار و وشەکان لە ڕیزبەندیی چالاکییەکانی زەین، چۆنیەتیی شێوەگرتن و گۆڕانکاریی چەمکەکان، بواری سۆزداری و زیچی وشەکان و پەیوەندیی واتایی و وشە"، دەکۆڵێتەوە.

بۆیە بە چاکی دەتوانین وەریبگرین کە ئەم چڵە لە دەروونناسی، کەڵکی تایبەتی لە عەمەلییاتی دەروونیدا، وەکوو شەڕی دەروونی هەیە و لەم بابەتەدا، چەند خاڵێکی کورتی لێ باس دەکەین، تاکوو بڵێین، هەندێک وشە ڕەنگە لە ڕواڵەتدا ساکار بێت، بەڵام دەتوانێت وەکوو چەکی ناوکی، لە جۆری وێرانکەری دەروون بێت و ڕۆڵ بگێڕێت. بۆیە پێویستە بزانین وشە دەتوانێت چیمان لێ بکات، یان ئێمە چۆن یاریی پێ بکەین:

دەروونناسانی زمان بەوە گەیشتوون کە وشەکان پڕن لە گەوشین و هەڵوێست لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی مێشک و کارکردە باڵاکانی زەیندا. هەر وشەیەک یان کۆمەڵێک لە وشەکان، جۆرێک هەڵوێست لە ئاستە بەرزەکانی زەین دەخاتە کار، بۆ نموونە وشەگەلی ساڕێژ لە زیچ (هەیەجان) و هەست، ئەو بەشە لە کارکردە باڵاکانی زەینی ئێمە چالاک دەکاتەوە و ئێمە بۆ هەڵوێستگرتن یان دژایەتی لەگەڵ ئیدەیەک و کەس یان ڕوانگەیەک، دەورووژێنێتەوە.

هەر وشەیەک، هەڵگری واتا و چەمکی تایبەتی خۆیەتی. واتا، نەزمێکی سەقامگیر لە گشتاندنەکانە کە لە وشە پیشان دەدرێت، واتە نیزامێک کە بۆ هەمووان یەکسانە، بەڵام هەڵگری بوارگەلێکە لە واتای وشە و لەگەڵ هەڵوێستگەلی سۆزداری و زیچیی بێژەر لە کاتێکی دیاریکراودا، سەروکاری هەیە.

لە ڕاستیدا، ڕێژەی ڕەنگدانەوەی کاکڵە لە وشەکاندایە کە ڕاکێشان لە بەردەنگدا بۆ لای پەیامی دیاریکراو، دروست دەکات. هەر ئەندازە هەستێک کە لە دڵی وشەکانی پەیامێکدا شاراوە بێت و هاوشێوەی زۆرتری لەگەڵ تانوپۆی زەینی بەردەنگدا هەبێت یان بتوانێت هەست و زیچ لەودا بورووژێنێتەوە، فام و ڕاکێشانی ئەو وشانە ئاسانتر دەبێتەوە؛ بەڵام ئەگەر کاکڵە، هێزی دزە و توانای ڕاکێشان و بزاوی لە کەسێک بۆ کەسێکی تری نەبێت، پەیامەکە کاریگەر نابێت.

وشەکان جگە لەوەی وەک ئامرازی ناسین، ئەندێشە و پەیوەندی دێنە ئەژمار، ڕۆڵێکی گرینگیشیان لە سازماندان بە پڕۆسە زەینییەکانیان لە ئەستۆدایە. دەزانین کە تاک سەرەتا وشەکان لە جیهانی دەرەوەی خۆی وەردەگرێت، دواتر ئەوانە دەروونی دەکاتەوە و ئەوانە بە شێوەی وتاری دەروونی دەردەهێنێت. دوای ئەوە، وتاری دەروونیش، تاک بۆ ئەنجامدانی هەڵسوکەوتگەلێکی تایبەت دەورووژێنێتەوە. کارناسانی عەمەلییاتی دەروونی، بەردەنگەکانیان بە وشەگەلێکی جۆراوجۆر، ئەوەندە بۆمباران دەکەن تا ئەوان بەشێک لەو وشانە لە تەوەری ناسینی خۆیدا سەقامگیر بکات و ئەوانە دەروونی بکاتەوە. ڕوونە کە پاش ماوەیەک، بەشێک لە ئەندێشە و هەڵسوکەوتی ئەوان، دەچێتە ژێر کاریگەریی ئەو وشانەوە و چەندین خاڵی تر کە دەیسەلمێنێت یاری لەگەڵ وشەکان، چ یارییەکە بۆ شەڕی دەروونی و چۆن دەتوانرێت کەڵکی لێوەربگیرێت و قامک بخەیتە سەر زیچ و هەستە نەرێنییەکانی کەسێک و بۆ ئەو شتەی کە دەتەوێت، هانی بدەیت یان ناچار بە ئەنجامدانی هەڵەیەکی بکەیت، یان دزە بکەیتە ناخوداگایەوە، یان ... یان ...

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.