کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی دراوسێی ئێران بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران کەم کردووەتەوە

12:55 - 24 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: هاوردەکردن لە سنوورەکانی "باشماخ و باجگیران"، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و  بازاڕە سنوورییەکان ڕوو لە کزی چوون.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ناوەند و میدیاکانی ڕێژیم، هاوردەکردنی کاڵا لە سنووری باشماخ و شاری باجگیران، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانە داناوە.

"بەختیار ڕەحمانی پوور"، بەرپرسی گشتیی گومرۆکی پارێزگای سنە، لەم بارەوە بە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندووە کە هاوردەکردن لە سنووری باشماخ لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوو، بە ڕێژەی ٢٦ لەسەد کەمی کردووە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە هاوردەکردنی کاڵا بەپێی لەبەرچاوگرتنی نرخی دۆلار، ٧٣ لەسەد لەچاو ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە.

هەر لەم ڕاستایەدا شاری سنووریی باجگیرانیش کە دەکەوێتە سەر سنووری وڵاتی ئێران و تورکەمنستان، لەگەڵ کێشەی ئابووری بەرەو ڕوویە و خەڵکی ئەم شارە کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشتیان بەو گەشتیار و کەسانە بەستبوو کە لەم سنوورەوە دەپەڕینەوە یاخود دەهاتنە نێو خاکی ئێران، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی گەشتیاران کەمی کردووە و بەهۆی گرانیشەوە زۆرێک لە دووکان و بازاڕەکانی ئەم شارە داخراون یاخود بەتاڵن.

یەکێک لە گەشتیارانی ئەم شارە لەم بارەوە بە یەکێک لە ڕۆژنامەکانی سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندووە: "ئێمە دیدێکی ترمان لەبارەی شاری باجگیرانەوە هەبووە، لە بازاڕەکەیدا شتێکی وا بەرچاو ناکەوێت و زۆرێک لە دووکانەکان داخراون، جێگای سەرسووڕمانە کە لەم شارەدا هەتا ئێستەا وێستگەی بەنزین نییە".

بەرپرسی شورای ڕێژیم لە شاری باجگیران، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی گەمارۆکان و ڕازینەبوونی وڵاتانی دراوسێ بە ئەنجامدانی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بووەتە هۆی ئەوەی کە گەشتیارێکی کەم ڕوو لەم ناوچانە بکەن و باری ئابوورییەکەی ڕوو لە لاوازی بکات.