کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی ئوردۆن دژی ڕێژیمی ئێران بڕیارێکی دەر کرد

12:32 - 26 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئوردۆن ڕایگەیاندووە، کە نایەوێت باڵوێزی دیکە بۆ ئێران بنێرێتەوە.

ڕۆژنامەی "ئەلغەد"ی ئوردۆن، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە دەوڵەتی ئوردۆن بەنیاز نییە باڵوێزێکی دیکە بۆ ئێران بنێرێتەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری کاربەدستێکی ئوردۆنییەوە بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتەکەی بەنیاز نیـیە لە ئێستەدا باڵوێزی نوێی خۆی بۆ ئێران ڕەوانە بکات، ئەمەش بۆ سیاسەتەکانی تاران لە ناوچەکە دەگەڕێتەوە.

 ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەش کردووە، بڕیاری گەڕاندنەوەی باڵوێز "عەبدوڵڵا ئەبوو ڕۆمان" لە تارانەوە بۆ ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوە لە ئەمان، بەپێی فەرمانێکی پـێشووی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بووە و ڕۆژی پـێنجشەممەش پاشای ئەو وڵاتە ئەو بڕیارەی پەسەند کردووە.

ئەو کاربەدەستەی ئوردۆن وتوویەتی: ئوردۆن دووپاتی دەکاتەوە کە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و دەستێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو ڕەت دەکاتەوە.

وڵاتانی ناوچەکە، ڕۆژئاوا و ئامریکا و بەتایبەت ئیسرائیل بە نیسبەت دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ناوچەکە و بەتایبەت سووریە و عێراق هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە و به هۆی درێژەی دەستێوەرادنەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ناوی سپای پاسدارانی لە لیستەی پشتیوانی تێرۆریزم تۆمار کردووە و لە نوێترین بڕیاری دەوڵەتی کاناداشدا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی وەک هێزێکی تێرۆریستی ناسێندرا..