کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی ئێران لە ژێر پۆستاڵی دیکتاتۆرێک و دەیان سوڵتاندا دەناڵێنێت

11:57 - 12 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم بۆ چەواشەکردن و فریودانی ڕای گشتی، هەر ڕۆژە هەواڵی دەسبەسەریی دزێک بە نازناوی "سوڵتانـ"ـەوە بڵاو دەکەنەوە.

حوسێن ڕەحیمی سەرۆکی پولیسی تاران، هەواڵی دەسبەسەریی کەسێکی ڕاگەیاندووە، کە وەکوو سوڵتانی کاغەز ناوی هێناوە و وتوویەتی: ئەم کەسە بە تاوانی دزی و تاڵانی زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ میلیارد تمەن، دەسبەسەر کراوە.

بەرپرسی پولیسی تاران، لەم بارەوە وتوویەتی: ئەم کەسە لەگەڵ ١٦ کەسی دیکە بە تاوانی ئەوە دەسبەسەر کراون، کە ٣٠ هەزار تۆن کاغەزیان بە نرخی ئەرزی دەوڵەتی هاوردە کردووە، بەڵام بە شێوەی ئازاد فرۆشتوویانە.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەپێی وتەی عەباس جەعفەریی دەوڵەت‌ئابادی، دۆزگەری تاران، لە شەش مانگی دواییدا، لە پێوەندی لەگەڵ دۆسییەی گەندەڵیی ئابووری هەزار و ٧٠٠ کەس دەسبەسەر کراون، کە دووان لەو گەورەدزانە بە نازناوی سوڵتانی سکە و سوڵتانی قیر لە سێدارە دراون.

پاش ئەوەی کە ئابووریی ئێران بە هۆی هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان، دۆخێکی شپرزی وەخۆ گرت، بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ئەوەی پیشان بدەن کە لە بیری دۆخی شپرزی ئابووریی ئێرانن و دەیانەوێت گەندەڵی لە ئێران بسڕنەوە، کۆمەڵێک کەسیان بە تاوانی دزی و تاڵانی سامانی وڵات بە نازناوی سوڵتان دەسبەسەر کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم، بە دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانە بە نازناوی سوڵتانەوە، دەیانەوێت هەم وا پیشان بدەن کە ڕێژیم دژی گەندەڵییە و هۆکاری دۆخی نالەباری ئابووری لە خۆیان دوور بخەنەوە و هەمیش پرۆسەی تۆقاندن و چاوترساندنی خەڵک درێژە پێ بدەن، دەنا گەورەدزەکانی ئێران لە پشت عەبای ئاخوندی و خامنەییدا خۆیان حەشار داوە.