کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانانی کورد بەردەوام سەرکەوتن تۆمار دەکەن

12:12 - 18 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا:  دوو وەرزشوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کێبڕکێی قارەمانیی وەزنەبەرداریی جیهان؛ توانیان میداڵی زێر، زیو و بۆڕۆنز بە دەست بێنن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوو وەرزشوانی کورد لە کێبڕکێی قارەمانیی وەزنەبەرداریی جیهان کە لە وڵاتی تورکمەنستان بەڕێوە چوو، توانیان سەرکەوتن تۆمار بکەن.

لەو کێبڕکێیەدا، وەرزشوانی کورد "عەلی هاشمی" پلەی قارەمانی بەدەست هێنا و "ڕەزا بیرئەلوەند"یش توانی میداڵی زێڕ لە بەشی دوو زەرب و بۆرۆنز بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

"عەلی هاشمی" بە هەڵگرتنی وەزنەی ١٧٩ کیلۆیی بە شێوەی یەک زەرب، ٢١٧ کیلۆ بە شێوەی دوو زەرب و سەرجەم ٣٩٦ کیلۆ میداڵی زێڕ، زیو و بۆڕنزی بە دەست هێنا و توانی ببێتە قارەمانی جیهان.

ئەو وەرزشوانە کوردە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیش پلەی قارەمانیی لە ئاستی جیهاندا بەدەست هێنا.

هاوکات "ڕەزا بیرئەلوەند" بە هەڵگرتنی کێشی ١٧٥ کیلۆ بە شێوەی یەک زەرب و ٢١٨ کیلۆ لە بەشی دوو زەرب و سەرجەم ٣٩٣ کیلۆ توانی میداڵی زێڕی دوو زەرب و بۆرۆنزی ئەو کێبڕکێیە لە ئاستی جیهاندا بەدەست بێنێت.

وەرزشوانانی کورد لە ٤ پارێزگای کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەرەوڕوویان دەبێتەوە و رێژیمی ئێران هیچ ئیمکاناتێکی وەرزشییان بۆ دابین ناکات، بەردەوام لە کێبڕکێکاندا لە ئاستی جیهانی و ئێران، میداڵی ڕەنگاوڕەنگ بە دەست دێنن.