کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی تری ئێرانی، داوای مافی پەنابەریی کرد

12:26 - 14 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەرزشوانێکی ئێرانی کە بۆ بەشداری لە کێبڕکێی ''تیروکەوان'' بۆ وڵاتی هۆلەند نێردرابوو، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکان، نەگەڕایەوە ئێران.

''غوڵامڕەزا شەعبانی بەهار''، بەرپرسی فێدراسیۆنی تیروکەوان، بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە وتی: ''پووریا جەلالی پوور، وەرزشوانی پارائۆلەمپیکی تیروکەوان، سەرەڕای هەوڵی ئێمە، نەگەڕایەوە ئێران".

"جەلالی پوور"، پێشتریش چەندین جار لە کێبڕکێیە نێونەتەوەییەکاندا بەشداریی کردبوو و ئەمجارە لە وڵاتی هۆلەند دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، داوای مافی پەنابەریی کردووە.

لە ساڵانی ڕابردووشدا، ڕێژەیەکی زۆر لە وەرزشوانانی ئێرانی، دوای ئەوەی کە بۆ کێبڕکێیە نیونەتەوەییەکان نێردرابوون، لە گەڕانەوە بۆ ئێران خۆیان بواردبوو.

لە دوایین حاڵەتدا، لە کێبڕکێی جیهانیی ''جۆدو'' کە حەوتووی ڕابردوو لە ''تۆکیۆ''، پێتەختی وڵاتی ژاپۆندا بەڕێوەچوو، ''سەعید مەلایی''، قارەمانی جۆدۆی ئێران، دوای کۆتاییهاتنی کێبڕکێکان نەگەڕایەوە ئێران.

ڕوانگەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە وەرزش زیادتر ڕوانگەیەکی سیاسی و ئیدئۆلۆژیک بەخۆیەوە دەگرێت و هەر ئەمە وای کردووە کە وەرزشوانان لە ئێراندا، تووشی زەخت و گوشارێکی زۆر ببنەوە و لە ئاکامدا ناچارن پەنا بۆ وڵاتانی دیکە بەرن.