کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێڕان بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن

11:39 - 27 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە بەرهەمی خیاری وەرزێڕانی ناوچەی لەیلاخی پارێزگای سنە، بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێن و بەفێرۆ دەچن.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراو لە ئینستاگرامی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، نیشان دەدات کە بەرهەمی ئەمساڵی وەرزێڕانی ناوچەی لەیلاخ لەم پارێزگایەدا، بەو بۆنەوە کە بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێت، ڕژاوەتە سەر جاددەکە و ماندووبوونی چەندین مانگەی وەرزێڕانیش بە فیڕۆ چووە.

لەم گرتە ڤیدیۆیەدا، باس لەوە دەکرێت کە هەر کیلۆ خیاری ئەم وەرزێڕانە، بەنرخی ٥٠ تمەن، دەفرۆشرێت، هەربۆیە، وەرزێڕان بەرهەمەکانی خۆیان لە جیاتی هەرزانفرۆش کردن، فڕێ داوە.

فڕێدرانی ئەم بەرهەمانە لەحاڵێکدایە کە بۆ بەرهەمهێنانی هەر کیلۆ لەو خیارە ٢٠٠ لیتر ئاو پێویستە.

دەنگوڕەنگی ڕێژیم لەمبارەوە نووسیویەتی: "هەندێک لە وەرزێڕان بەرهەمەکەی خۆیان فڕێ داوە و بە نیشنانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە چنینەوەی بەرهەمەکەی دیکەش خۆیان بواردووە."

هاوکات لە هەواڵدەریی فارسدا لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا و بەمەبەستی وەدرۆخستنەوەی فڕێدرانی ئەو بەرهەمانە، باس لەوە کراوە کە گوایە وەرزێڕان ڕەتیان کردووەتەوە کە بەرهەمەکەیان بە نرخی ٥٠ تمەن فرۆشرابێت و وتوویانە کە نرخی هەر کیلۆ خیار، لانیکەم ٣هەزار تمەنە.

محەممەد فەرید سێپەری،  لە بەرپرسانی جەهاد کشاوەرزیی پارێزگای سنەش، بەمەبەستی چەواشەکردنی نابەرپرسایەتیی خۆیان لە فرۆشتن و بەفێڕۆچوونی بەرهەم و ماندووبوونی وەرزێڕان، ڕایگەیاندووە کە دۆخی هەناردەکردن و نرخی فرۆشتن و کێشەکانی پێوەندیدار بەم بابەتە، لە هەموو پارێزگاکانی ئێراندا دەبینرێت و تەنیا تایبەت بە پارێزگای سنە نییە.