کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێڕان سوودێک لە بەروبوومەکانیان نابەن

11:34 - 31 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەرزێڕانی کوردستان بەهۆی نابەرپرسیاریەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، بەرهەمەکانیان لەنێو دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جووتیارانی کوردستان بەهۆی ئابووریی لاوازەوە ناچارن بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان لەنێو ببەن.

دانیشتووانی گوندی "قازانلی" لە ناوچەی هەوشاری کوردستانی ڕۆژهەڵات، هاوشێوەی زۆربەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لە ڕێگەی کاری وەرزێڕی، باخداری و کشتوکاڵ، بژێویی ژیانیان دابین دەکەن، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی نەشیاوی ئابووری لەم ناوچانە و نەبوونی بازاڕی لەبار بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان ناچارن بەرهەمەکانیان لەنێو ببەن.

لە ماوەی ڕابردوودا، لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، وەرزێڕان بەرهەمەکانیان لەبەر هەرزانی لەنێو بردووە.

 ئەو وەرزێڕانە ناڕەزایەتییان بەوە دەربڕیوە کە ڕێژیمی ئێران نەتەنیا پشتیوانی لە وەرزێڕان ناکات بەڵکوو لە کاتی کۆکردنەوەی بەرهەمەکان، دەست بە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات.

ئەمە کارەساتێکی مرۆییە کە بەرەبەرە خۆی خزاندووەتە نێو ژیانی هاووڵاتییان لە کوردستان. کاتێک جووتیار هیچ قازانجێک لە بەرهەمهێنانی بەشی کشتوکاڵ نەکات و لە لایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانیشەوە هیچ گرینگییەکی پێ نەدرێت و بۆی قەرەبوو نەکرێتەوە، واز لەو پیشەیە دەهێنێت کە بناغەی گەشەکردنی ئابووریی کوردستانە و ڕوو لە شارەکان دەکات و دیاردەی پەراوێزنشینی دێتە ئاراوە کە بۆ خۆی ماکەی سەرهەڵدانی دەیان ئاریشەی کۆمەڵایەتییە.