کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێڕان قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانن

18:10 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەرزێڕانی کوردستان به هۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی بەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، جیا لەوەی کە بەرهەمەکانیان نافرۆشرێت، پارەشیان پێ نادرێت.

لە بەرەبەری کۆتایی وەرزی پاییزدا ئەگەرچی کاتی کۆکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تەواو بووە، بەڵام بەرهەمێکی زۆر لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەرزێڕانی کوردستان لەسەردەستیان ماوەتە و هیچ لایەنێکی ڕێژیمیش خۆی لێ بە بەرپرسیار نازانێت.

بەپێی قسەی خودی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە ئێستادا سەدان هەزار تۆن چەوەندەر لەسەر زەوی ماوەتەوە و کارخانەکان وەری ناگرن.

مانەوەی ئەو بەرهەمەی وەرزێڕانی کوردستان لە کاتێکدایه، کە هەموو ساڵێکیش بەرپرسانی ڕێژیم پارەی وەرزێڕان لە کاتی خۆیدا نادەن.

یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، لە جەهادی کەشاوەرزیی پارێزگای ورمێ ئاشکرای کردووە، کارخانەی قەندی نەغەدە بڕی ٧٥ میلیارد تمەن پارەی وەرزێڕانی نەداوە و ناڕەزایەتی وەرزێڕانیش بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە.

لەو پێوەندییەدا، سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی پارێزگای سنه، مانگی خەزەڵوەر باسی لەوە کردووە، ٤٠ هەتا ٥٠ هەزار تۆن سێوکی وەزێڕانی ئەو پارێزگایە لە ئەنبارەکاندا ماوەتەوە و نافرۆشرێت. هاوکات نرخی سێوکیش لە بازاڕدا لەژێر نرخی دیاریکراوە، کە فرۆشتنی دەبێتە هۆی زیانی وەرزێڕان.

مانگی ڕەزبەری ئەمساڵێش وەرزێڕانی پارێزگای سنه، بە هۆی وەرنەگرتنی پارەی گەنم ناڕەزایەتییان دەربڕی. وەرزێڕان باسیان لەوە کردبووهەتا ئێستاش نزیک بە ٣٠ لەسەدی پارەی گەنمیان وەرنەگرتووە و بۆ وەرگرتنی پارەی بەرهەمەکانیان هیچ وڵامێکیشیان پێ نادرێتەوە.

چالاک نەبوونی کارخانە بەرهەمهێنەرەکان یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی بەرهەمی وەرزێڕییەکانە و بەم شێوەیە گیروگرفت بۆ وەرزێڕانی ناوچە کوردنشینەکان دروست بووە کە دەتوانین ئاماژە بە بەرهەم‌هێنەری سێوک لە شارەکانی قوروە و دێولان، شیلک (تووت فەرەنگی) لە سـنە و چەوەندەری قەند لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ و نەغەدە هەروەها ترێی ڕەش لە سەردەشت بکرێت.