کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێڕانی قووچانی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە

12:20 - 29 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دۆخی وەرزێڕان لە شاری "قووچان" نالەبارە و داهاتی وەرزێڕان، تێچووەکەیان بۆ ناگەڕێنێتەوە.

وەرزێڕانی خەڵکی "قووچان" سەر بە پارێزگای خوراسان، تووشی زەرەر و زیان بوونە و بەروبوومە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بۆ نافرۆشرێتەوە و ڕێژیمیش بە نرخێکی زۆر کەم و زەحمەتێکی زۆر دەیکڕێتەوە، کە ئەمە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی وەرزێڕانی ئەو شارە.

تەماتەکارانی قووچانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی خەرمانان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە نرخی کەمی تەماتە لە لایەن کارخانەکانی "ڕوبـ"ـەوە، لە بەردەم کارخانەی ڕوبی "شاری ڕەزا"ی مەشهەد، چەندین سیپە تەماتەیان لەسەر ڕێگای سەرەکی و بەردەرگای کارخانەکەدا هەڵڕژاندووە.

وەرزێڕێکی خەڵکی "قووچان"، باسی لە دۆخی نالەباری وەرزێڕان، بەتایبەت تەماتەکارانی ئەو شارە کردووە و وتوویەتی: "بە تێچووەکی زۆر بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان سەرمایە دادەنێین، بەڵام بەرهەمەکان لە کاتی فرۆشتنەوەدا تێچووەکەی ناهێنێتەوە".

ئەو وەرزێڕەی خەڵکی قووچان هەروەها زیادی کرد: "٢٣ ملیۆن تمەن بۆ ئیجارەی زەوی، لانیکەم ٣٠ ملیۆن تمەن کود و لوولە و شێری ئاو و کەرەستەگەلێکی دیکە کە بۆ ئاویاری پێویستە و بۆ هەر سیپەیەک ١٨ هەزار تمەن پارەمان داوە، کەچی ئامادەین بە کەمتر لە نرخی خۆی بەرهەمەکان بفرۆشین، بەڵام ناکڕدرێت".

ناوبراو لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە کارخانەکان بە نرخی ٧٠٠ تمەن هەڵی دەگرنەوە، بەڵام دەبێ دوو ڕۆژ ماشین لە بەردەم کارخانەکان بە کرێیەکی زۆرەوە بمینێتەوە، ئەو نرخە تەنانەت بەکاری ئەوە نایەت کە کرێکاری بۆ بگیرێت و بەرهەمەکان کۆ بکەینەوە.

گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی بەرهەمە ئێرانییەکان بۆ وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دۆخی بەرهەمهێنەران داناوە و ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی نادات.