کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارە لە قوتابییان هاوکات لەگەڵ دەستپێکی خوێندن دەستی پێکردووە

10:59 - 9 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە تەنیا ٩ ڕۆژ بەسەر کرانەوەی قوتابخانەکان و دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێراندا تێدەپەڕێت، بەرپرسانی قوتابخانەکان بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، دەستیان داوەتە کۆکردنەوەی پارە لە قوتابییان.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە کە پاش تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ لە کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران و کوردستاندا، بەرپرسانی قوتابخانەکانی ڕێژیم بە پێدانی نامەگەلێک، داوایان لە قوتابییان کردووە کە یارمەتیی ماڵی بە قوتابخانە بگەیەنن تاکوو لە ڕێگەی ئەوانەوە بە سەر بنەماڵە کەمداهات و هەژارەکاندا دابەش بکرێت.

لەو نامانەدا کە بە سەردێڕی "بە ڕەنگی مێهر، ئاواتێک ساز بکەین" (با رنگ مهر، رویایی را بسازیم) لە قوتابخانەی گەڕەکی حەماڵاوای شاری سەقزدا بڵاو بوونەتەوە، ئامارێک سەبارەت بەو بنەماڵانە هاتووە کە لەژێر چاوەدێریی کۆمیتە ئێمدادی شاری سەقزدان و لە ڕاستیدا ئەرکی کۆمیتە ئێمدادە کە جۆرەکانی خزمەتگوزاری و داهاتیان بۆ دابین بکات نەک قوتابییان.

ئەمە لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە کە بە کەڵکوەرگرتن لە ناوی بنەماڵە هەژار و کەمداهاتەکان، خەریکی کۆکردنەوەی پارە لە قوتابییان و  کەڵکاژۆ لە هەستی خەڵکە کە بەبێ گرینگیدان بە دۆخی ئابووریی خەڵک، قوتابییان ناچار بە پێدانی پارە بە قوتابخانە دەکەن.