کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دادی ئامریکا دەڵاڵێکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی سزا دا

10:11 - 18 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دەڵاڵێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران  به تۆمەتی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان کە دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراون، لە لایەن وەزارەتی دادی ئامریکاوە سزا درا.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، وەزارەتی دادی ئامریکا لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی کردەوە، دادگای فێدراڵی کۆلۆمبیا، دەڵاڵێکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی به تۆمەتی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان وەک تاوانبار ناساند و سزای دا.

شوناسی ئەو دەڵاڵە کە بۆ ڕێژیمی ئێران کاری کردووە "ئارەش سپێهری" ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دادگایەی ئامریکا ناوبراو لەگەڵ هاوکارەکانی لە هەوڵ دابوونە کاڵا وکەلوپەلی تکنیکی بۆ ئێران ڕەوانه بکەن.

لە کاتی پەسندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران هەتا چەندین کەس سەر بە ڕێژیمی ئێران کە ویستوویانە گەمارۆ ئابوورییەکان دەور لێبدنەوە و لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مامەڵەی بازرگانی بکەن لە لایەن ئامریکاوە سزا دراون.

لە دوای پەسندکردنی کردنی خولی یەکەم و بە تایبەت دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا بە هەموو هێزەوە گەمارۆکانی دژی ڕێژیمی ئێران چڕتڕ کردووەتەوە و هۆشداریشی بە چەندین شیرکەتی گەورەی ئورووپایی، ئاسیایی داوە کە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە نەکەن.

دوای ئەو بڕیارەی ئامریکا هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠ شیرکەتی پیشەیی و نەوتی لە ئێران کشاونەتەوە و چالاکییەکانی خۆیان ڕاگرتووە.