کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا پشتیوانی لە داواکارییەکانی خەڵکی ئێران دەکات

12:21 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، پشتیوانیی وڵاتەکەی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی مافویستی ئێران دەربڕیوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، هێدر ناوئۆرت، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، بە ئاماژەکردن بە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێراندا، وتوویەتی: ئامریکا پشتیوانی لە داواکارییەکانی خەڵکی ئێران دەکات.

ناوبراو لە تویتێکی خۆیدا نووسیویەتی: "ئێمە سەبارەت بە مانگرتنە سەرتاسەرییەکان بەدواداچون دەکەین و لە مافی خەڵکی ئێران بۆ دەربڕینی ئاشتییانەی داواکارییەکانیان پشتیوانی دەکەین.

هێدر ناوئۆرت، ئاشکرای کردووە، "ئەم مانگرتنانە پەیامی بۆ ڕێژیم ئەوەیە، کە لە بەفێرۆدانی سامان و داهاتی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەست هەڵ بگرن و پێڕاگەیشتن بە پێداویستییەکانی خەڵکی خۆتان دەست پێ بکەن".

مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان کە لە زۆربەی شارەکانی ئێران، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، لە هەمبەر باری نالەباری بژێوی ژیانی مامۆستایان و دەسبەسەرکرانی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان دەستی پێ کردووە؛ یەکەمجار نییە کە هاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا چەندین جار ئەم توێژەی کۆمەڵگا مانگرتنیان ڕێک خستووە.

داواکاریی مامۆستایان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بریتین: "زیادکردنی مووچەی سەرجەم مامۆستایان و بەشی خزمەتگوزاری و ئیداری (گونجاو لەگەڵ کارمەندانی دیکە)"، "تەرخانکردنی بوودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوە و ستانداردکردنی قوتابخانە و خوێندنگەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان"، "ڕەسمیکردنی کارمەندان و مامۆستایانێ کە بەشێوەی گریبەستی، پەیمانی کار دەکەن"، :دابینکردنی ئەمنییەتی کاری مامۆستاکانی باخچەی ساوایان و ئەو کەسانەی کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن".

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، توێژی مامۆستایان لە باشترین دۆخدا دەژین و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام لە ئێرانێک کە لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندییە، لەبەر ئەوەی کە گرنگی بە کەرتی پەروەردەی کۆمەڵگا نادرێت، مامۆستایان و قوتابییان هەمیشە قوربانییە یەکەمەکانی سیاسەتە چەواشەکانی ڕێژیمن.