کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا: گوشاری زیاتر بۆ بەستنەوەی ڕێژیمی ئێران پێویستە

11:21 - 14 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، پاش دەستپێکردنەوەی فەرمیی گەمارۆوەکانی ئەو وڵاتە دژ بە ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز"دا نووسیویە: ئامریکا گوشاری زیاتر بۆ بەستنەوەی ئێران بە پێویست دەزانێ.

ستیڤێن منەوشێن، ڕۆژی یەکشەممە سێزدەی خەزەڵوەر لە ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمزدا نووسی: لە ڕۆژی دووشەممەوە، توندترین گوشارە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران دەست پێ دەکات. ئەمە تەنیا بەشێک لە پیلانی ئامریکا بۆ گۆڕینی کردەوەی حکوومەتی ئێران و سپای پاسدارانە.

منەوشێن هەروەها نووسیویەتی: لە ڕۆژی دووشەممەوە، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، هەوڵی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆوەکان دژ بە ڕێژیمی ئێران تەواو دەکات و بەشەکانی وزە، گواستنەوە و بانکداری و بیاڤەکانی دیکە دەکاتە ئامانج.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکاش لە توئیتێکدا بۆ جارێکی تر باسی لەوە کرد، کە ئامانجی گەمارۆوەکان خەڵکی ئێران نییە، مودیرییەتی هەڵە و دزی، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک تووشی ڕەنج و ئازار بن؛ ئامانج ڕاگرتنی بەرنامە خراپکارانەکانی ڕێژیمی ئێرانە. 

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هەروەها کۆشکی سپی لە توئیتێکدا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی دانڵد ترامپ، گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکان دژ بە رێژیمی ئێرانیان ڕاگەیاند.