کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕووی لە خەڵکی ئێران: ئامریکا دەنگتان دەبیستێت و لەگەڵ ئێوەیە

11:37 - 1 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ لە کۆبوونەوەیەکدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ خەڵکی ئێران ڕاگەیاند.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ، "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاووڵاتییانی ئێرانیی دانیشتووی ئامریکا لەژێر ناوی "پشتیوانی لە دەنگی خەڵکی ئێران" پێک هێنا.

مایک پۆمپێئۆ لە وتەکانی خۆیدا، ڕێبەران و مەلاکانی حاکمی ئێرانی بە گەندەڵی و کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی کەسیی تۆمەتبار کرد و وتی: "لە کاتێکدا کە ئەوان سامانێکی زۆریان کۆ کردووەتەوە، خەڵکەکەیان ژیانێکی ناخۆشیان هەیە".

هەروەها وتی: خەڵکی ئێران بەرانبەر بە خراپکارییەکانی بەرپرسان بێدەنگ نامێنن و ئامریکا دەنگی خەڵکی ئێران دەبیستێت و پشتیوانییان لێ دەکات.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دەسەڵاتی ٤٠ ساڵەی ڕێژیم کرد و وتی: "چوار دەیەیە کە ئەم ڕێژیمە سامانی خەڵکی ئێران بەتاڵان دەبات و  خەڵکی ناچار بە دەربردنی دەرد و ڕەنج کردووە".

بە وتەی ناوبراو لە ماوەی ڕیککەوتنی ناوکیی بەرجام، سەرمایەی ڕێژیمی ئیسلامی زیاتر بووە و لە جیاتی ئەوەی بۆ خەڵکی ئێران خەرجی بکات، خەرجی تێرۆریسمی کردووە و لە کاتێکدا یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، بە ئاماژەدان بە گەندەڵیی فراوانی ڕێژیمی ئیسلامی، باسی لە حیسابە کەسییەکانی لاریجانی کردووە و وتی: جێگەی سەرسووڕمانە کە کەسێکی لات و لووت بە دەسەڵات بگات، هەروەها لە بارەی دارایییە بێسنوورەکانی خامنەیی وتوویەتی: کە ئایەتووڵڵا خامنەیی لە هەر چەشنە لێپرسینەوە چاوەدێرییەک بێبەرییە و خەرجی سپای پاسداران و ئامانجەکانی سپا وەک پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و حیزبووڵڵای دەکات.